plus4
پێش 5 مانگ
لێپرسراوی لقی سێی پارتی: لەگەڵ ئەوەداین کەسێکی بێلایەن و قبووڵکراوی هەموو لایەنەکان بکرێت بەپارێزگاری کەرکوک
محەمەد کەمال لێپرسراوی لقی سێی پارتی لەکەرکوک لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆ plus4 ڕایگەیاند: دەستبەکارنەبوونی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بووەتە هۆی ئەنجامنەدانی دانیشتنی لایەنەکانی بەشداربووی ئەنجومەنەکەو دانانی سەرۆکی ئەنجومەن و پارێزگاری کەرکوک.
لەوەڵامی پرسیاری پەیامنێری plus4دا کە ئایا دانانی پارێزگار زۆر ئەستەمە ؟
محەمەد کەمال دەڵێت: کارێکی ئەستەم نییە، بەڵام لایەنەکان ئامادەییان نییە، هەندێک هەوڵی لابەلا لەژوورە تاریکەکانەوە هەن بۆ ئەوەی ئەنجومەنەکە دەستبەکار نەبێت، بۆ ئەمەش لایەنی عەرەبی بەرنامەی خۆیان هەیە، چوونکە دەیانەوێت ئەو واقعەی ئێستا هەیە بمێنێتەوە، چوونکە لەبەرژەوەندیی خۆیانە.
وتیشی: پارتی هەوڵی خۆی بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنەکەو دانانی پارێزگار داوەو هەوڵەکانیشی لەگەڵ یەکێتی و عەرەب و تورکمانیشدا بووە، بەڵام هەوڵەکانی ئێمەو سەرجەم لایەنەکانی تریش بێ ئەنجام بوون.
ئەوەشی نەشاردەوە کە بۆچوونی پارتی ئەوەیەو پێشتریش داوایکردووە کە کەسێکی بێلایەن و جێ باوەڕی قبووڵکراوی هەموو لایەنەکان بکرێت بەپارێزگاری کەرکوک، ڕاستە لەگەڵ ئەوەداین پارێزگار کورد بێت، بەڵام کوردێک بێت قبووڵکراوی هەموو لایەنەکان بێت.
بۆ پێکهێنانی ئیدارەی نوێش بۆ کەرکوک، گفتوگۆکان بەردەوامن، بەڵام هیچ ڕێککەوتنێک نەبووه، بەڵام پاش جەژنی پیرۆزی قوربان بەبڕیاری سوودانی، دەبێت سەرجەم لایەنەکان کۆببنەوەو ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر دەستبەکاربوونی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئەنجامبدەن.
ئاشکراشیکرد کە واقعی کەرکوک وایە کە پێکهێنانی ئیدارەی پارێزگا، پێویستی بەکاتی درێژو گفتوگۆی زۆر هەیە، وەک پارتیش ئومێدمان وایە دەستبەکاربوونی پارێزگارێکی کورد ئەو واقعەی پتر لەشەش ساڵی ڕابردووی دوای شانزەی ئۆکتۆبەر ڕاستبکاتەوە.
بەرپرسی لقی سێی پارتی وتیشی: ئێمە نامانەوێت غەدر لەکەس بکەین و کەرکوک بۆ هەمووانە، بەڵام وەک دەبینین تەعریبێکی زۆر بەسەر کەرکوکدا سەپێندراوە، بۆیە پێویستە هەموو ئەوانە چاکبکرێنەوە