plus4
پێش 5 مانگ
تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتیی سەر بەوەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق ئاشکرایکرد: زیاتر لە 250 هەزار کەس سەرپێچییان کردووەو بەشێوەیەکی ناشایسته مووچەی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی (ڕیعایە)یان وەرگرتووە.
ئەحمەد خەڵەف موسەوی؛ سەرۆکی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند: هەڵمەتێکمان بۆ چاودێریکردنی ئەو سەرپێچیکارانە ئەنجامداوە کە شایستەی مووچەی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی (ڕیعایە) نین، بۆ ئەو مەبەستەش تائێستا زیاتر لە 250 هەزار کەس دەستنیشانکراون مووچەکانیان دەبڕێت.
موسەوی وتیشی: تائێستا نزیکەی 90 ملیار دینار لەو کەسانە وەرگیراوەتەوەو 135 ملیار دیناری تریش لەو کەسانەی بەناشایستەیی مووچەیان وەرگرتووەو قیستەکانیان بەنزیکەی 10 ساڵ لێوەردەگیرێتەوە.
ئاشکراشیکرد: تائێستا بۆمان دەرکەوتووە کە 14 هەزارو 200 لەبری کەسانی مردوو مووچەیان وەرگرتووە، زیاتر لە 900 هەزار کەسی نوێش لەماوەی ساڵێکدا مووچەیان بۆ بڕاوەتەوە، بەمەش کۆی ئەو کەسانەی مووچەی ڕیعایە دەیانگرێتەوە بۆ 7 ملیۆن و 600 هەزار کەس بەرزبووەوە کە کۆی مووچەکانیان ساڵانە دەگاتە ٤ تریلیۆن و ٧١٧ ملیار دینار.
موسەوی کۆتاییهاتنی ناونووسکردنی 4 هەزار لەنەخۆشانی گورچیلەو تالاسیمیاو نەخۆشییە درێژخایەنەکان دووپاتکردەوە.
ناوبراو هەڵمەتێکی نوێی تایبەت بەخاوەن پێداویستییە تایبەتەکان ڕاگەیاند کە لەماوەی داهاتوودا بەمەبەستی ناونووسکردنیان ئەنجامیدەدەن کە لەمەیاندا منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت پشکی زۆرینەیان دەبێت، تائێستاش ٤٢٠ هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەت ڕاپرسیی مەیدانییان بۆ ئەنجامدراوە.
وتیشی: ژمارەی ئەو ژنانەش کە مووچەی تۆڕەکە دەیانگرێتەوە گەیشتووەتە 600 هەزار ژنی خاوەن پێداویستیی تایبەت، تەڵاقدراو، بێوەژن، یا ئەو ژنانەی هاوسەرەکانیان زیندانییە، 15 هەزار ژنیشی ئاشکراکرد کە بەنایاسایی ناویان بۆ ڕیعایە تۆمارکردووەو خۆیان وەک تەڵاقدراو یا بێوەژن ناونووسکردووە، بەڵام ئاشکرابوو هاوسەرگیریان کردووە.