plus4
پێش 8 مانگ
سوهەیب کەریم حەمید هۆرێنی؛ یاریزانی تیپی میللیی هۆرێن، لەدەربەندیخان، شەوانە لەگەڵ هاوڕێکانیدا یاریی تۆپی پێی ئەنجامدەداو بەشداری سەرکەوتنی تیپەکەی و دڵخۆشیی هاندەرانی دەکردو بەهۆی خراپیی دۆخی گوزەرانییەوە، بەیانیان زوو بە ماتۆڕسکیلەکەی دەچووە سەر کار.
بەهەمان شێوەی شەوانی تر، شەوی ڕابردوو سوهەیب کەریم تا درەنگانێک لەگەڵ تیپەکەیدا یاریی ئەنجامدا، بۆ بەیانییەکەی دواتر بەماتۆڕسکیلەکەی دەچێت بۆسەر کارەکەی، ئەویش لەپێناو دابینکردنی بژێوی ژیانی خانەوادەکەی.
هەر لەو بەیانییەدا، گەنجە وەرزشکارو کاسبکارەکە لەسەر ماتۆڕسکیلەکەیەوە، دووچاری ڕووداوێکی سەختی هاتووچۆ دەبێت و لەو کارەساتەدا لەماتۆڕسکیلەکەی دەکەوێتە خوارەوەو بەهۆیەوە گیان لەدەستدەدات و دەبێتە قوربانیی هەژاری و پەیداکردنی قووتی ڕۆژانەی خێزانەکەی.
ئەم ڕووداوە لەتۆڕەکانی سۆشیال میدیاو لەناوەندەکانی وەرزشی کوردستان دەنگدانەوەی زۆری لێدەکەوێتەوەو هەموو بەتاسەوە باسی ئەو کارەساتە دەکەن.
هەموو ئەو ئاهـ و ئەفسوسەی وەرزشکاران و هاوڕێیان کی سوهەیب، بەهۆی ئەوەوە بووە کە سوهەیب یاریزانێکی بەتواناو لەهەمان کاتدا ڕەوشت بەرز بووە، بەتایبە بەر لەچەند شەوێک لەخولی دۆستانەی لیژنەی تیپە میللییەکانی دەربەندیخاندا لەیاریی نێوان تیپەکانی ئازادی و هۆرێندا، دوای دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکی زۆر لەنێوان یاریزانانی هەردوولادا، سوهەیب ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لەکۆنترۆڵکردنی دۆخەکەو ئارامکردنەوەی یاریزانانی هەردوولا.
پاش ئەم هەڵوێستە جوانەی، لیژنەی تیپە میللییەکانی دەربەندیخان بەتەواوی سەرۆک و ئەندامانی لیژنەکەوە سوپاسی سوهەیبیان کرد بۆ ئەو ڕەوشت بەرزی و رەفتارە نموونەییەی لەگرژییەکانی نێو یارییەدا نوواندی.