دادگای فیدرالی
plus4
پێش 8 مانگ

 - دادگای باڵای فیدراڵی مافه‌ ده‌ستوریه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و بنه‌ماكانی فیدراڵی و پره‌نسیپی لێك جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان كه‌ له‌ ده‌ستوری عێراقدا جێگیر كراون،‌ پێشێل كرد.

 

- ماددە و بڕگەکانی دەستور بەردەوام لەلایەن هەندێك لە دامودەزگا فیدراڵیەكانەوە پشتگوێ دەخرێن و پێشێل دەکرێن.

 

- لە هەمووشی مەترسیدارتر ئەوەیە دادگای باڵای فیدراڵی دەيکات بەپێچەوانەی ئەركە سەرەكیەكانی خۆی کە بریتین لە گەرەنتی كردنی پیادەكردنی بەندەكانی دەستور و بەرگری لە سیستەمی فیدراڵی و چەسپاندنی لەڕێگای پابەندبوون بە سەروەری دەستور و دابەشکردنی دەسەڵاتەكان.

 

- بڕیارە یەک لە دوای یەکانی دادگا بوونەتە هۆی پێشێلکردنی پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، بەشێوەیەك دادگا خۆی خستۆتە پێگەی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن، و هەندێك دەسەڵات و تایبەتمەندی بەخۆی داوە کە دەستور پێی نەبەخشیوە.

 

- دادگای باڵای فیدراڵی لە بڕیارەکانی ئەم دواییەیدا، هەوڵی کەمکردنەوەی دەسەڵات و تایبەتمەندیەكانی هەرێمى داوە، و كارى كردووە بۆ لاوازکردنی دامەزراوەکانی و ڕێگەى خۆشکردوە بۆ دەسەڵاتە فیدراڵیەکان تا زێدەڕۆیی لەسەر دەسەڵاتە دەستوریەكانی هەرێم بكەن.

 

- لە كاتێكدا کە دەستور دانی بە شەرعیەتی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری هەرێمدا ناوە بەپێی ماددەکانی (١١٧ و ١٢١). دواجاریش بڕیارەکەی دادگا سەبارەت بە نادەستورییبونی هەندێك لە ماددە و بڕگەكانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ، ئەوە دەردەخات كە دادگا ڕێگەی بەخۆی داوە بە هەمواركردنەوەی ياساكە، كە ئەمەش كارى دەسەڵاتی یاسادانانە نەك دەسەڵاتی دادوەریی، هەروەها پێشێلکردنی بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانە کە لە ماددەی (٤٧)ی دەستوردا هاتووە.

 

- كەمكردنەوەی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان و نەهێشتنی کورسی پێکهاتەکان و دابەشكردنى هەرێم بۆ چەند ناوچەیەكی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە بێ پاساوی دەستوریى، بەپێشێلکردنی ئاشکرای بنەما سەرەکیەکانی دەستور دادەنرێن.

 

- یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ماوەی پتر لە 30 ساڵە كاری پێدەكرێت و پێنج خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێ ئەنجام دراوە وبووەتە بەردی بناغەی دیموكراسی و نوێنەرایەتیكردنی سەرجەم پێكهاتە و بیروڕا جیاوازەكان.

 

-دادگا لەخاڵی پێنجەمی پاشخانی بڕیارەكەیدا لەبارەی هەردوو سیستەمی یەك بازنەیی و فرەبازنەیی، نەیتوانیوە بیسەلمێنێت كە یەك بازنەیی لەهەرێمدا نادەستورییە.

 

- نەهێشتنی كورسی كۆتای پێكهاتەكان لەهەرێمدا، ناكۆكە لەگەڵ ئەوەی لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی فیدراڵی و ئەنجومەنی پارێزگاکاندا هاتووە بەتەرخان كردنی کورسی بۆ پێکهاتەکان، هەروەها ناكۆكە لەگەڵ ماددەكانی (٤٩/ بڕگەی یەکەم) و (125)ى دەستور، کە جەخت دەكەنەوە لەسەر ڕەچاوکردنی نوێنەرایەتیکردنی هەموو پێکهاتەکانی گەل لە ئەنجومەنەی نوێنەران، و دەستەبەركردنی مافی سەرجەم نەتەوەکان(وەک تورکمان و کلدان وسریان و ئاشور و ئەرمەن و هەموو پێکهاتەکانی تر) لە پیادەكردنی مافەڕەواكانیان، لەوانەش مافە سیاسیەكان، بە گەرەنتی كردنی نوێنەرایەتییان لە ئەنجوومەنە هەڵبژێردراوەكاندا.

 

- ئەو بڕیارانەی دادگای باڵای فیدراڵی بوونە هۆی ئاڵۆزیی پەیوەندییەکانی نێوان دەسەڵاتەكانی فیدراڵی و دەسەڵاتەكانی هەرێم و تێكدانیان.

 

- لەسەر هەموو هاوبەشەکانی حوکمڕانی بە گشتی و هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بە تایبەتی پێوویستە بەجیددی و بە پەرۆشەوە کاربکەن لەپێناو پابەندبوون بە دەستور و بەندەكانی ڕێککەوتنی پێکهێنانى هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت و پەلەبكرێت لە ئامادەكردن و دەرچوواندنی یاسای نەوت و گاز و یاسای دامەزراندنی ئەنجوومەنی فیدراڵی، بەتایبەتیش دەرچوواندنی یاسای دادگای باڵای فیدراڵی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی شەرعیەتی دەستوریی ئەم دادگایە بەپێی ڕێكارە دەستورییەکانی.

 

-پێوویستە دەستور ببێتە بنەما بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، و لەمە زیاتر دادگای باڵای فیدراڵی بۆ مەرامی سیاسی بەكارنەهێندرێت.