ئەلەند
plus4
پێش 8 مانگ

کەمێک بەرلەئێستا لە کۆمەڵگەی قەڵاتەی سەر بەناحیەی شوان، منداڵێکی تەمەن 10 ساڵان بەناوی (ئەلەند هاوار ئاغالە)، بەهۆی تەزووی کارەباوە گیانی لەدەستدا.

ئەلەند قوتابیی پۆلی چوارەمی سەرەتایی بوو لەقوتابخانەی (وانی سەرەتایی تێکەڵ)، مامۆستا هەڵکەوت ڕەحمان عەزیز، بەڕێوەبەری قوتابخانەکەی ئەلەند بە plus4 ی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ پشوو بوو، کاتێک دایکی ئەلەند لەسەربانی ماڵەکەیان سەرقاڵی هەڵخستنی جلوبەرگی خانەوادەکەی دەبێت، تەنافەکە تەزووی کارەبای تێبووەو تەزووی کارەبا دایکی ئەلەند دەگرێت.

وتیشی: ئەلەند لەپێناو ڕزگارکردنی دایکی هەوڵێکی زۆر دەدات، بەڵام سەرەنجام تەزووی کارەبا ئەلەند دەگرێت و کەس ناتوانێت ڕزگاری بکات و دەستبەجێ گیان لەدەست دەدات.

مامۆستا هەڵکەوت ڕەحمان وتیشی: لەئێستادا دایکی ئەلەند بێهۆشەو لەنەخۆشخانەیەکی شاری کۆیە لەژێر چاودێریی پزیشکیدایەو تائێستا نازانێت کوڕەکەی گیانی لەدەستداوە.

ڕوونیشیکردەوە کە باوکی ئەلەند لە ئەوروپایەو دوای مەرگی هەواڵەکەیان پێداوە، لەهەژمەت مەرگی ڕۆڵەکەی، ڕاستەوخۆ بڕیاری گەڕانەوەی داوەو لەئێستادا لەڕێگەی گەڕانەوەیە بۆ کوردستان.

.