مازن غەریب
plus4
berî 1 saet

🔺 راسپاردەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوە لەروداوەکەی پردێ پەسەندکرا

 

بەڕێوەبەری نوسینگەی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئەنجامی لیژنەی لێکۆڵینەوەی لەروداوەکەی پردێ پەسەندکرد کە بەهۆیەوە دوو مێرمنداڵی کورد گیانیان لەدەستدا.

لیژنەکە لەراپۆرتەکەیدا وردەکاری روداوەکەی خستووەتەڕوو، هاوکات لایەنی کەمتەرخەم و راسپاردەکانیشی خستووەتە بەردەم فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەرلەمانتار مازن غەریب ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری بۆ plus4ی خستووەتەڕوو؛ لەراپۆرتەکەدا فەرماندەی فەوجی دژەتیرۆر لەکەرکوک و 5 کارمەند بە کەمتەرخەم لەو ئەرکەدا دیاری کراون و رەوانەی دادگای سەربازی کران.

وتیشی: گیان لەدەستدانی دوو مێرمنداڵەکە لەروداوەکەدا، بە هەڵەی سەربازی نوسراوە و هەردووکیانیشیان وەک شەهید داناوە کە کەسوکاریان هەموو ماف و شایستەیەکی شەهیدانەیان پێدەدرێت.

رۆژی 27ی ئەیلولی 2026 تیمێکی دەزگای دژەتیرۆری عێراق لەکاتی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێک لەنێو ناحیەی پردێ، دوو مێرمنداڵی کوردیان کوشت بەناوەکانی ( موراد زانا ) و ( محەمەد هێمن ).

روداوەکە کاردانەوەی گەورەی لێکەوتەوەو بەفەرمانی سەرۆک وەزیرانیش لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە رەوانەی کەرکوک کرا.

هەر ئەوکات و پێش تەواوبونی 72 کاتژمێر؛ دەزگای دژەتیرۆر فەرماندەی فەوجی کەرکوک گۆڕی و لەرێگەی لیژنەیەکیشەوە، سەردانی خێزانی هەردوو شەهیدەکەیان کرد.