plus4
پێش 8 مانگ
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عێراق پێشوازییکرد لە تەیموری ئەنفال تاکە رزگاربووی گۆڕەبەکۆمەڵەکان و پێکەوە تاوتوێی هەنگاوەکانی بەخاکسپاردنی رووفاتی پیرۆزی ئەنفالکراوانیان کرد.
لەدیدارەکەدا کەرۆژی دووشەممە ١٩ی شوباتی ٢٠٢٤ لە نوسینگەی تایبەتی خانمی یەکەم لە سلێمانی بەڕێوەچوو، تەیموری ئەنفال سوپاسی شاناز ئیبراهیم ئەحمەدی کرد بۆ لەئەستۆگرتنی ئەو کەیسە گرنگە بۆ وەرگرتنەوەی رووفاتی ئەنفالکراوان و بە خەمخۆری ئەو پرسەی وەسفکرد و رایگەیاند، دەمەوێ هاوکارتان بم تا ئەو دۆسیەیە بگەیەنینە ئەنجام.
هاوکات تەیموری ئەنفال وەرگرتنی نمونەی خوێنی کەسوکاری ئەنفالکراوان بۆ ئەنجامدانی پشکنینی DNA بە هەنگاوێکی پڕبایەخ وێناکرد.
لەو دیدارەدا، خانمی یەکەمی عێراق پێی راگەیاند، گومانم لەوەدا نییە کەئەو ئازارەی چەشتووتە وەک رزگاربوویەکی گۆڕەبەکۆمەڵەکان هیچ کەسێک بەرگەی ناگرێت، ئێستاش لە روانگەی خەمخۆریتەوە پەرۆشی ئەم پرسەی بەتایبەت کە رووفاتی کەسوکار و ئازیزانتی لەخۆگرتووە.
خانمی یەکەمی عێراق بەڵێنیدا هەرکات ئەنجامی پشکنینەکان دەریخست کە کەسوکاری تەیمورن، رووفاتی پیرۆزیان ڕەوانەی زێدی خۆیان لە گەرمیان و ئەوانیتریش لە تەقتەق و کۆیە و ناوچەکانی تر بکاتەوە، تا کەسوکاری ئەنفالکراوان بەرووفاتی ئازیزانیان شاد بکاتەوە.
لەدیدارەکەدا ئەوەش دووپاتکرایەوە، کە ئەم هەماهەنگییە بەردەوام دەبێت لەدوای رێورەسمی بەخاکسپاردنی رووفاتەکان و بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی تریش لەئایندەدا، خانمی یەکەمی عێراق داوایکرد کە تەیموری ئەنفال وەک بەڵگەیەکی زیندووی ئەو مەرگەساتە، چاودێری کارەکان بکات هەر لەسەرەتاوە تا تەواوکردنی هەموو قۆناغەکان.