هێزی مغاویر
plus4
پێش 9 مانگ

چەند رۆژێکە لەکەرکوک لیوای 45ی فیرقەی 11ی سوپای عێراق دەستی بە کۆکردنەوەو گواستنەوەی کەلوپەل و هێزەکانی کردووەو بڕیارە بەهێزێکی تایبەت شوێنیان پڕ بکرێتەوە.

محەمەد ئەڵماس پەیامنێری plus4 رایگەیاند: جێگۆرکێ بەهێزە سەربازییەکانی سنوری قەزای داقوق و ناحیەی لەیلان دەکرێت، لیوای 45 بۆ باشوری کەرکوک دەگوازرێتەوەو لیوای مغاویری ئۆپراسیۆنەکانی سامەرا لەشوێنیان جێگیر دەکرێت.

وتیشی، ئامادەکاری و گواستنەوە کەلوپەلەکان دەستیپێکردووە و قۆناغ بە قۆناغ، هێزە نوێکە شوێنی لیوای 45 پڕدەکاتەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەستی پەیامنێرمان کەوتووە، ئەم گۆڕانکارییە سەرەتای هەنگاوەکانە بۆ جێبەجێکردنی ئەو پلانەی دەیانەوێت سنوری داقوق لەروی سەربازییەوە لەفەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکوک دابڕن و بیخەنە سەر بارەگای ئۆپراسیۆنەکانی خورماتوو.

ئەم گۆڕانکاریانە دوای سەردانەکەی عەبدولئەمیر یاروڵا سوپاسالاری عێراق دێت بۆ کەرکوک کە دوو رۆژ پێش ئێستا سەردانی بارەگای ئۆپراسیۆنەکان و فەرماندەی فیرقەی 11 ی سوپای عێراقی کرد.

لەسەردانەکەیدا، جێگری فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکان و فەرماندەی هێزی زەمینی لەگەڵدا بوو.