plus4
پێش ٢ ساڵ
ئەرشەد ساڵحی هۆشداری دەداتە حكومەتی عێراق و كۆمپانیای نەوتی باكور و دەڵێت " نەمانویست چەك هەڵگرین بەڵام وادیارە ئێوە لەزمانی تر تێناگەن."
ئەرشەد ساڵحی پەرلەمانتاری بەرەی توركمانی و غەریب عەسكەر پەرلەمانتاری توركمانی شیعە لەسەر لیستی هاوپەیمانی فەتح كۆنگرەیەكی هاوبەشیان ئەنجامدا.
لەكۆنگرەكەدا كە plus4 ئامادەیبوو، ئهرشهد ساڵحی رایگەیاند: بەشێك لەوەزیر و فەرماندە سەربازی و ئەمنییەكان رەگەپەرست و تایفەگەرن بەرانبەر توركمان و سورن لەسەر دورخستنەوەی پێكهاتەی توركمان و رێگا نادەن لەپۆست و پلە ئەمنیەكاندا بن و تەنانەت لەخولە سەربازیەكانیش بێ بەشدەكرێن.
وتیشی، بێ دەنگ نابین بەرانبەر بەو پێشیلكاریانەی بەرانبەر پێكهاتەی توركمان دەكرێت و دوو رێگا دەگرینەبەر، لەلایەك داوای یاسایی دژی ئەو وەزارەت و دامودەزگایانە تۆماردەكەین، لەلایەكی دیكەش خەڵك هەڵوێستی دەبێت.
ساڵحی رونیكردەوە،لەخولی 12ی كۆلێژی سەربازی ئەمساڵ تەنها یەك توركمانێك وەرگیراوە و بەبیانوی كورتی باڵایانەوە هەموو توركمانەكان دورخراونەتەوە لەكاتێكدا هەموویان باڵا بەرزن.
پەرلەمانتارەكەی بەرەی توركمانی دەڵێت: وەزیرەكان درۆ دەكەن، تەنها بەڕێوەبەرە توركمانەكانی كەركوك لەپۆستەكانیان دوردەخەنەوە، تەنانەت لەدەستەی راوێژكاری دیوانی پارێزگار دوو راوێژكاری توركمان دورخراونەتەوە.
دەشڵێت، لەوەزیری نەوتەوە تاوەكو بەڕێوەبەری كۆمپانیای نەوتی باكور ، دامەزراوەیەكی رەگەزپەرست و رق ئەستورن بەرانبەر بە توركمان، هەموو بەرپرسەكانی نەوتی باكور و غازی باكور بەو شێوەیە سەیری توركمان دەكەن.
ئەرشەد ساڵحی پەرلەمانتاری بەرەی توركمانی هەڕەشەی لەحكومەتی عێراق و كۆمپانیای نەوتی باكور كرد و وتی: زۆر ئارامان گرت.. چەكمان دژی دەوڵەت هەڵنەگرتووە چونكە ویستمان بەرێگەی دیموكراتی مافەكانمان وەربگرین بەڵام وادیارە ئێوە لەهیچ زمانێكی تر تێناگەن.