
PLUS4
پێش ساڵێک
لێژنەی لێكۆڵینەوە لەروداوەكەی حەمدانییە هۆكاری ئاگر كەوتنەوە لەهۆڵی ئاهەنگەكە ئاشكرادەكات و كۆمەڵێك بەرپرس بەكەمتەرخەم ناودەبات و داوای دوورخستنەوەیان دەكات.
لیوا سەعد فالح دلێمی سەرۆكی لیژنەكە لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: هۆڵە ئاهەنگەكەی حەمدانییە جێگەی 500 كەس دەبێتەوە و سەقفەكەی لە سەندەویچ پەنەڵ دروستكراوە و هۆڵەكەی بە پلاستیك و قوماش رازێندراوەتەوە كە هۆكارە بۆ گڕگرتنی خێرا.
وتیشی، لەنێو هۆڵەكەدا دەرگای فریاكەوتن نەبوە و دەرگاكانی دیكەش هەموو بچوك بون، بڕێكی زۆر لەخواردنەوە كحولییەكانیش لەسەر مێزەكان بوە، هەموو ئەوانە وایكردووە ئاگرەكە زوو تەشەنە بكات.
رونشیكردەوە، كە سەرچاوەی ئاگرەكە یارییە ئاگرینەكان و ئەو كەلوپەلانە بوە كە خێرا گڕ دەگرن و خاوەنی هۆڵەكەش هەموو بەرپرسیارێتییەك دەكەوێتە ئەستۆی.
سەرۆكی لیژنەكە تەئكیدیكردەوە، لەروداوەكەدا 107 كەس گیانیان لەدەستداوە و 82 كەسیش برینداربون.
بەپێی راپۆرتەكەش، خاوەن هۆڵەكە، قایمقامی حەمدانییە، بەڕێوەبەری شارەوانی، بەڕێوەبەری گەشتیاری، بەڕێوەبەری كارەبا، بەرگری شارستانی كەمتەرخەم بونە و هۆڵەكەیان دانەخستووە لەكاتێكدا هیچ مەرجێكی سەڵامەتی تێدا رەچاو نەكراوە.
وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاند: خاوەن هۆڵەكە سەرەتا هاردی كامێراكانی بردووە و بۆ هەولێر هەڵاتووە، دوای دەستگیركردنی توانراوە دیڤی ئاڕەكەش بگەڕێنرێتەوە.
وتیشی، سەرەتا كارەبای هۆڵەكەش كوژاندووەتەوە چونكە پێی وابوە ئاگرەكە بەهۆی تەزوی كارەباوە رویداوە بەڵام دواتر ئەو هەنگاوە بوەتە هۆی ئەوەی ئامادەبوان نەتوانن دەرگا چونكە دەرەوە بدۆزنەوە.
كازم بوهان راوێژكاری وەزیری ناوخۆ تەئكیدیكردەوە، روداوی ئاگركەوتنەوەكە دەستی لەپشتەوە نەبوە و یارییە ئاگرینەكانیش هۆكاری سەرەكی بونە.