PLUS4
پێش ساڵێک
خالید شوانی وەزیری دادی عێراق لەچوارچێوەی دیدارێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی رەشید، سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی رژێمی بەعسی تایبەت بەزەوی و زاری کەرکوک و ماددەی 140 قسەیکردو تەئکیدیکردەوە، لەروانگەی هەموو کوردێکەوە " کەرکوک " کوردستانییە وەک چۆن لای تورکمان و عەرەبیش ناسنامەی دیکەی هەیە.
"بەشێک لەو گفتووگۆیانەی بەرنامەکە کە تایبەت بون بە پرسی کەرکوک"
پێشکەشکار: بۆ کار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی مجلس قیادە سەورە دەکەی تایبەت بە زەوی کوردو تورکمان؟ دەتەوێت سەرلەنوێ دیموگرافی کەرکوک بگۆڕیت؟
خالید شوانی: نا ئەوە بەشێکە لە بەرنامەی کاری حکومەت کە رێککەوتنی لەسەرکراوە، بەرێککەوتن لەنێوان پێکهاتەکان ئەنجام دەدرێت تاوەکو ماف بۆ کوردو تورکمان بگەڕێتەوە، غەدر لەو خەڵکانەی دیکەش ناکرێت و قەرەبودەکرێنەوە.
ئەم یاسایە پەیوەندی بەگۆڕینی دیموگرافیاوە نییە بەڵکو گەڕاندنەوەی مافە بۆ خاوەن ماف و ئاساییکردنەوەی دۆخەکەیە، یاساکە بەزۆرینەو کەمینە دەرنەچووە بەڵکو بەرێککەوتن و تێگەیشتن تێپەڕێندراوە کە دەبێتە هۆی سەقامگیری لەکۆمەڵگەی کەرکوکیدا و بەو شێوەیەش هەموو لایەنەکان براوە دەبن.
پێشکەشکار: دەڵێن ئەم هەنگاوانەی خالید شوانی سەرەتایە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140؟
خالید شوانی: ماددەی 140 ماددەیەکی دەستووریەو ئێستا لیژنەیەکی جێبەجێکارمان هەیە لەحکومەت سەرقاڵی جێبەجێکردنی بڕگەی قەرەبوکردنەوەی ماددەکەیە.
ئێمە ئێستا قسە لەسەر ئەو مافە دەکەین کە لەسەردەمی رژێمی پێشوودا لەهاوڵاتیان دزراوە.
دیدگای ئێمە بۆ ماددەی 140 ئەوەیە بە تێگەیشتن و رێککەوتنی نێوان پێکهاتەکانی کەرکوک جێبەجێبکرێت.
پێشکەشکار: کاری بەهێز لەسەر ماددەی 140 دەکەی؟
خالید شوانی: من بڕوام بە گفتووگۆی نێوان پێکهاتەکان هەیە و تێگەیشتنیان هەبێت لەسەر دۆخی کەرکوک ئێستا و داهاتوو.
پێشکەشکار: باشە تۆ سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمان بوی، بۆ دەوترێت ماددەی 140 بەسەرچوە؟
خالید شوانی: لەکاتی خۆیدا کاتێکی بۆ دیاریکرابوو تاوەکو حکومەت پەلەبکات لەجێبەجێکردنی، بەڵام بەپێی یاساو دەستوور، تێپەربونی کات مانای بەسەرچونی ماددەکە نییە، دادگای فیدرالیش ئەوەی رونکردەوە کە یاسایی و دەستوورییە.
ئێستا دەبێت ماددەی 140 بکرێتە بنەما بۆ گفتووگۆو تێگەیشتنی نێوان پێکهاتەکان بۆ گەیشتن بەچارەسەر لەبارەی دۆخی کەرکوک و داهاتوویەوە.
پێشکەشکار: تۆ چۆن ناسنامەی کەرکوک دەبینی؟
خالید شوانی: بۆ ئەوەی راستگۆبم لەگەڵت، هەموو کوردێک باوەڕی وایە کەرکوک لەروی مێژووو و جوگرافیاوە بەشێکە لەکوردستان، کوردستانیش خۆی بەشێکە لەعێراق، هەربۆیە کەرکوک شارێکی عێراقییە بەڵام بەناسنامەی کوردستانی.
تورکمانیش پێی وایە مێژوی کەرکوک تورکمانی بوە، لەدوای 2003 عەرەبیش بونەتە خاوەنی دروشمی کەرکوک عەرەبییە.
لەنێوان کوردستانییەت و تورکمانی و عەرەبییەتی کەرکوک پێویستە بگەینە ئەوەی هەموو کەسێک مافی خۆیەتی شانازی بەناسنامەی کەرکوکەوە بکات بەو بیروباوەڕەی هەیەتی.
دەرەنجامیش چارەسەری دەستوری و یاساییمان بۆ ئەم کێشەیە هەیە، پێکهاتەکان لەروانگەی کەرکوکی بونەوە لە نێوان خۆیان دەتوانن بگەنە چارەسەرێکی ریشەیی خزمەت بەشارەکە بکات، تێیدا هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەبێت شانازی بکات بە کەرکوکی بونی خۆیەوە لەو روانگەیەی باوەڕی پێیەتی کە کوردستانییە یا تورکمانی یاخود عەرەبی.