PLUS4
پێش ساڵێک
ئەمڕۆ دەستەی دەستپاكی عێراق بڵاویكردەوە، بەڕێوەبەری پلاندانان و بەدواداچونی پێشوی دیوانی پارێزگای كەركوك بەتاوانی زیان گەیاندن بە سامانی گشتی سزای 10 ساڵ زیندانی بۆ دەرچوو.
بەپێی زانیارییەكانی plus4 ئەو بەرپرسەی سزاكەی بۆ دەرچووە، یەشار عەلی محەمەد بەڕێوەبەری فەرمانگەی پلاندانان و پڕۆژەكانی پێشوتری دیوانی پارێزگای كەركوكە.
لەراگەیاندراوەكەی دەستەی دەستپاكیدا هاتووە، ساڵی 2015 فەرمانێكی كارگێڕی تایبەتی دەركردووە بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی خەندەق و تاوەری ئەمنی كەركوك، و تەزوی كارەباشی پێ گەیاندوون و خستوێتێ چوارچێوەی پرَۆژەكانی پارێزگاوە لەكاتێكدا رێنماییەكانی گرێبەستی تێیدا جێبەجێنەكردووە و بە راستەوخۆ دراوەتە بەڵێندەر بەبێ ئەوەی رەزامەندی وەزارەتی پلاندانان وەرگیرێت، لە پشكنین و نرخەكانیشدا زیادەرۆیی هەیە و زیانی 3 ملیار و 91 ملیۆن دیناری بە سامانی گشتی گەیاندووە.
ئەمە دووەم جارە دادگای دەستپاكی بە شێوەی ئامادەنەبوو ( غیابی ) سزای یەشار عەلی دەدات، پێشتریش لەسەر پرسێكی دیكە بە 14 ساڵ زیندانی سزا دراوە، كە بەهەردوو سزاكە دەگاتە 24 ساڵ.
یەشار عەلی ئەگەرچی لەسەر پشكی توركمان لەو پۆستەدابوو بەڵام دوای لابردنی لەو پۆستە و دانانی كەسێكی راكان جبوری لەشوێنەكەی، كەركوكی بەرەو ئەڵمانیا بەجێهێشت.
یەشار، خاوەن چەند پڕۆژەیەكی گەورەیە لەكەركوك كە دیارترینیان نەخۆشخانەی وەتەنی ئەهلییە.