qubbad
plus4
پێش ٢ ساڵ

 

جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت: بارودۆخی ئابوری هەرێمی كوردستان ئاڵۆزە و لەژێر فشارێكی زۆردایە، وەڵاتەكە و ناوچەكە و هەرێمیش پڕن لەكێشە.

 

قوباد تاڵەبانی لەپەراوێزی بەشداریكردنی لەكۆڕبەندی وزە لەدووبەی رایگەیاند: بڕیارەكەی دادگا فیدراڵی سەبارەت بە هەناردەی نەوت كاریگەری لەسەر هەرێم دەبێت و گرنگە بزانین چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بكەین.

 

سەبارەت بەو كۆمپانیا نەوتیانەی گرێبەستیان لەگەڵ هەرێم هەیە، تاڵەبانی وتی " هیچ كۆمپانیایەكی نەوت نەهاتووەتە هەرێمی كوردستان بەبێ ئەوەی تیمی تایبەتیان دراسەتی یاسای عێراق و هەرێمی نەكردبێت، ئەوان دڵنیایان كردوینەتەوە كە پشتیوانمان دەبن."

 

زیاتریش وتی، گەشبینم لەچوارچێوەی یاسادا لەگەڵ بەغەدا بگەینە رێككەوتنێكی سەرتاسەری لەسەر پرسی نەوت.

 

قوباد تاڵەبانی رونیكردەوە "پشت بەستن بەنەوت وەك تاكە سەرچاوەی داهات هەڵەیەكی گەورەیە و جارێكیتر دەمانخاتە داوەوە، پێویستە بیر لەسیستمی بەڕێوەبردن بكەینەوە و دەرفەتی تر بدۆزینەوە و سود لەئەزمونی دوبەی و وەڵاتان ببینین بەمەرجێك پەیڕەوی بكەین."

 

دوێنێ لەمیانی پانێڵێكی كۆڕبەندەكە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم جەختیكردەوە ئەوان سورن لەسەر پەرەپێدانی كەرتی وزە و دەیانەوێت ببنە سەرچاوەیەكی باشی نەوت و غاز لەناوچەكەدا.