پێشمەرگەی سوپای عێراق
plus4
پێش ساڵێک

لەبەرەبەیانی ئەمڕۆوە لەرۆژهەڵاتی کەرکوک ئۆپراسیۆنێکی هاوبەش بەبەشداری هێزی پێشمەرگەو سوپای عێراق دەستیپێکردووە و تا ئێستا بەردەوامە.

بەپێی زانیارییە تایبەتەکانی plus4 ئۆپراسیۆنەکە لەدوو میحوەرەوەیە بۆ کێوماڵکردنی روبەرێکی ناوچەی بۆشایی ئەمنییە کە دەکەوێتە نێوان سوپا و پێشمەرگە.

هەر بەپێی ئەو زانیارییانە، سوپای عێراق لە بەنداوی شیرینەوە بەپانتایی چەند کیلۆمەترێک و بەهێزی زەمینی و چاودێری ئاسمانی کێوماڵکردنەکەی دەستپێکردووەو هێزی پێشمەرگەش لە کەوەڵەوە دەستیپێکردووە کە بڕیارە هەردوو هێزەکە لەخاڵێکی دیاریکراودا بە یەکتر بگەن.

بەنداوی شیرین کەوتووەتە خوار گوندی تەرجلی سەر بە ناحیەی لەیلان لەرۆژهەڵاتی کەرکوک، گوندی کەوەڵەش دەکەوێتە نزیک رێگەی کەرکوک - سلێمانی و سەر بە ناحیەی قەرەهەنجیرە.

ناوچەی نێوان هەردوو گوندەکە بۆشایی ئەمنییە و لەماوەی رابردوودا مەفرەزەکانی د١١عش بۆ هاتووچۆ لەنێوان ناوچەکە بەکاریان دەهێنا.

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هێزە سەربازییەکان هیچ شوێنەوارو حەشارگەیەکیان لەناوچەکە نەدۆزیوەتەوە و هیچ روبەڕوبوونەوەیەکیش روینەداوە.