
plus4
پێش ٢ ساڵ
مامۆستا ئەحمەد کەرکوکی لەوەڵامی گروپێکی سەر بە پارتی، پەیامێکی بەناونیشانی "لەجێی مست پێلەقەیە" بڵاوکردووەتەوە، بەناراستەوخۆ هێرش دەکاتە سەر پارتی و دەڵێت ( ئەوانەی تا دوێنێ کەرکوکیان ب داگیرکراو وەسف دەکرد بە پۆستەکانی من قەڵس بونە ).
دەشڵێت: هۆکاری هێرشکردنە سەرم لەلایەن ئەو گروپەوە ئەوەیە ملکەچی داوای گەورەکانیان نەبومە و پەیامی تایبەتیان بۆ ناردووم و پارەو پولی دونیاش.
چەند بەڕێزێک وێنەی چەند پۆستێکیان ناردووە بڕێک منداڵوتواڵ لەشاری کەرکوک (کەتا دوێنێ ئەم شارەیان بەداگیرکراو وەسف دەکرد) بەپۆستەکانی من قەڵس بوونەو بەهەموو شێوازێک لەڕێی ئاکاونت و گرووپە تایبەت و فەیکەکانیانەوە بەرد دەگرنە کاروچالاکیەکانمان ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە کاروچالاکیەکانمان جێی خۆی گرتووەو سوپاس بۆخوا بەرهەمدارە، جگە لەوە ڕاستیەکەی ئەمەیە کە بەندە تائێستا ملکەچی داواکانی ئەو بەڕێزانەو گەورەکانیان نەبووم بۆیە وەها ژانیان کردووە، ئەگەر پێویست بکات بەدیکۆمێنت و بەڵگەوە هەموو کەیسەکان ئاشکرا دەکەم، هەر لەو کەسە تایبەتەی لەشارێکی هەرێمی کوردستانەوە بەتایبەت نێردرابوو بۆ گەیاندنی پەیامێک بەمن تــــا ئەو نامانەی باس لە پارەوپوڵ و ماڵی دونیا دەکات، یان ئەوەتا ئەو لایەن و حیزبانەی بڕێک لە کادیرەکانیان وەکوو ئاژەڵی دڕندە بەلاماری ئەم و ئەو دەدەن دەم و دەستیان لەخەڵکی کەلەپچە دەکەن.
بەڵام نـــا سیاسەتی ئێمە وەهایە کە دژایەتی هیچ لایەن و حیزب و کەسایەتیەک نەکەین بەڵکوو وەکوو کەسایەتیەکی گشتی و ئاینی پەیوەندیمان لەگەڵ هەموو لایەنەکان بەهێزە بە حیزبەکەی ئەوانیشەوە، بەڵام هیچ کەس و لایەنێک نەیتوانیوە بمانخاتە نێو بازنەی بەرژەوەندیەکانی خۆیەوە (مەگەر بەرامبەر بە ئارەزووی خۆی دەست بکات بەکونە ماردا ئەوسا ژەهری وشەو بەڵگەکانمان ئامادە دەبێت)، دڵنیا بن هەرکەس چی لەناخدا چاندبێت ئەوە دەکات و دەڵێت، مرۆڤیش تا زیاتر بەرهەمدار بێت زیاتر بەردی تێدەگرن.
ڕۆڵە لە ۲۰۱۷وە من لەسەر بنەمای پەیوەندیەکەسیەکانی خۆم و بەدواداچوون و بینینی واقیعی کەرکوک و بیستنی هەواڵی سەرچاوەکانی تایبەت بەخۆم لەسەر مینبەرەوە باسی کێشە هەنووکەییەکانی خەڵکی دەکەم،(ئەوکاتە بەڕێزتان نەتاندەوێرا بەپەیوەندیش لەگەڵ کەرکوکیەک قسان بکەن) ئەمەشم بەعیبادەت زانیوەو خۆم بەبەرپرسیار زانیوە ناحەقیەک هەبێت و بێ دەنگی هەڵبژێرم، بەهەموو عەقڵێکتەوە ئێستا هاتووی دەڵێی ئێمە کردمان و ئەو دەیخوا؟! خۆشیەکەی لەوێدایە کە ئەم هەرزەعەقڵانە لە ۲۰۱۷وە تا ئێستاش کەسێکیان ببینیایە مامەڵە لەگەڵ بەڕێوبەرێکی عەرەب یان تروکماندا دەکات بەخاکفرۆش و خۆفرۆش ناویان دەبرد بەڵام ئێستا لەبەر ئەوەی نزیکی هەڵبژاردنە لەسەر داوای گەورەکانیان بەناچاری ماستاوچێتی بۆ بەڕێوبەرە تروکمان و عەرەبەکاندا دەکەن، لەوە خۆشتر وا دەزانن وەکوو خۆیان هەرکەسێک بەجۆرێک دەرکەوت ئیدی سەد لەسەد دەبێ بەرژەوەندی ماددی لەپشتی ئەم کارانەیەوە بێت وەک وتراوە لەقەلەڕەش وایە هەموو تەیرێک وەکوو خۆی ڕەشە.
لەکۆتاییدا دەڵێم: هەر بەڕێزێک هەر حیزب و لایەنێک بێت دەستی لەخزمەتکردنی خەڵکی شارەکەمدا هەبێت دەستخۆشیان لێدەکەم، ئەوەش بزانن ئەوان دەستپێشخەر بوون بۆ ئەم بابەتە لەوەش دڵنیام سەرووی خۆیان لەم بێ ڕێزیکردنانە ئاگادار نیە ئەینا لێیان قبوڵ ناکرێت، حەزیشیان لەزیاترە هیچ کێشەیەکم نیە ئەمجارە دەنگ و ڕەنگ حوکم دەکات و خاتری خاتران ناگیرێ، بەڕاستی خەڵکی ئێستا هۆشیارەو دەزانێت بڕیاری درووست بدات، ئەوەش دەزانم ئازارتان زۆر پێگەیشتووە بەڵام مژدەتان دەدەمێ کاروچالاکیەکانی داهاتوومان وەکوو خوێ ئازارەکانتان بەسوێتر دەکات و ئێمە بەهیچ شێوازێک ئاوڕی دوای خۆمان نادەینەوە.
سڵاو و ڕێز و حورمەت بۆ هەرکەسێک ئەو سیانەی تێدا بێت .