باڤڵ تاڵەبانی
پێش ساڵێک

هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی و هەوڵە نەزۆکەکەی نۆکەرانی بێگانە بەتوندی ئیدانە دەکەین کە ئامانج لێی تێکدانی ئاسایشی سنووری سلێمانییە.

کردەی تاوانکاری و بەزاندنی سنووری هەرێم و عیراق بە چاوساغی و رێنیشاندانی لایەن و دەزگایەکی ئەمنی هەواڵگریی ناوخۆیی، حاڵەتێکی نامۆ نییە و مێژوویەکی درێژمان لەگەڵیدا هەیە. بەڵام سلێمانی و مێژووەکەی، سلێمانی و خەڵکەکەی زۆر لەوە گەورەتر و قارەمانترن کە خەیاڵی پووچی لایەنێک ناو و ناوبانگی لەکەدار بکات و ژیانی خەڵکەکەی تێکبدات.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە رابردوودا لەپێناو پاراستنی تەبایی و بەدیهێنانی بەرژوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان پشوودرێژ بووە، بەڵام بەردەوامیی رەفتارە نەشیاو و ناپەسەندەکانی بەشێک لە دەزگا ئەمنییەکانی لایەنێکی سیاسی لەژێر سایەی حکومەتێکی تاکڕەو و خۆسەپێندا، هەموو سنوورێکی بەزاندووە و دۆخەکەی گەیاندووەتە بنبەست.

ئێمە شانازی بە کوردبوون و کوردایەتیی خۆمانەوە دەکەین. کوردستانمان لە دڵماندا هەڵگرتووە و لەپێناو ژیانی خەڵکەکەمان رووبەڕووی هەموو مەترسییەکان بووینەتەوە و دەبینەوە. تێکدانی ئارامیی هەرێم و شاری سلێمانی هێڵی سوورە.

جارێکی تر و بە دەنگێکی بەرزتر دەیڵێینەوە، یان کوردستان یان نەمان.