PLUS4
پێش ساڵێک
فراكسیۆنی یەكێـی نشتیمانی كوردستان راگەیاندراوێكی بارەی یاسای هەڵبژاردن و بڕگەكانی تایبەت بەكەركوك بڵاوكردەوە.
دەقی راگەیاندراوەكە:
دوای مشومڕ و ململانێەکی زۆر، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ، هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران تێپەرێندرا. فراکسیۆنی یەکێتی لەسەر ئەو مادەو بڕگانەی پەیوەندی بە پارێزگای کەرکوک هەبوو، ناڕازی بوو، بۆیە دەنگی بەو مادەو بڕگانە و کۆی یاساکە نەدا.
سەبارەت بەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، هەرچەندە لە ساڵی 2004 وە بە هۆکاری سیاسی هەڵبژاردنی تێدا ئەنجام نەدراوە ، بەشداریمان لە دانیشتنەکە بۆ ئەوە بوو کەرکوک بەدەر نەکرێت لە هەڵبژاردن ، بەڵام ئەو مەرجانەی بۆ ووردبینی کردن لە تۆماری دەنگدەرانی کەرکوک دانراوە، ناڕوون و نادادپەروەرن و دژی پێکهاتەی کوردە، کە بەم شێوەیە خوارەوەن:
1. ئەو مادە پەسەند کراوە هەمان ئەو مادەیە نییە کە ڕۆژی پێشووتر بەرەزامەندی هەموو پێکهاتەکان ئامادە کرا، بەڵام بەهۆی ئەنجام نەدانی دانشتنەکە دەنگی لەسەر نەدرا.
2. راستە لە یاساکەدا سەرژمێریی ۱۹٥۷ کراوەتە یەکێک لە بنەماکانی دەنگدەر لەکەرکوک، بەڵام ئەوەی مەترسی لەسەر ئەم بنەمایەییە لەمادەیەکی پێشووتری یاساکەدا هاتووە ، کە هەر پارێزگایەک بەسنوری ئیداری ئێستای بازنەیەکی هەڵبژاردنە، ئەمە ئەوە ئەگەیەنێی کە ڕاستە سەرژمێری ٥۷ بنەمایە بەڵام بەسنوری ئیداری ئێستای کەرکوک و بەمەش دەنگدەرانی رەسەنی کەرکوک لە چەمچەماڵ و کەلار و کفری و دوزخورماتوو کە لەساڵی 1957 سەر بە کەرکوک بوون ئەکەونە بەردەم مەترسیی سڕینەوە. زیادکردنی یەکەی ئیداری سەرگەڕان لە کۆبوونەوەی سەرۆک کوتلەکان وبەئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر داوای یەکێتی زیادکرا.
3. زیادکردنی بڕگەیەک کە ماف ئەدا بەو کەسانەی پێش ساڵی ۲۰۰۳ فۆرمی خۆراکیان لە کەرکوک بوە، سەرژمێری ساڵی ٥۷ بەتاڵ ئەکاتەوە و مافی دەنگدان بە عەرەبی هاوردە دەدات، ئەم بڕگەیە بەبێ رەزامەندیی کورد بووە .
بۆ رای گشتی گەلی کوردستان روونیدەکەینەوە، کە ئێمە بەشداریمان لە دانیشتنەکە نەکرد ، تا نساب تەواو بوو، بەبێ ئێمەش دانیشتنەکە دەکرا ، چونکە هەندێک لەلایەنە سیاسیەکان رێکەوتبوون یاساکە تێپەرێنن، بۆیە بەناچاری بەشداریمان کرد، تا دوا هەوڵی خۆمان بدەین لە بەرژەوەندی کەرکوک، بۆیە دەنگمان بەو مادەو بڕگانە نەدا دژی خواستی گەلەکەمان بوون.
بەداخەوە هێزە کوردستانیەکان بەیەک هەڵوێستەوە مامەڵەیان لەگەڵ ئەم پرسە گرنگەدا نەکرد، لایەنێکی سیاسی بۆ بەرژەوەندی تەسکی حزبیان لەبەرامبەر دوو کورسی کۆتای مەسیحیەکان و دەنگی ئاوارەکانی ناو کەمپەکانی دەشتی نەینەوا، سازشیان لەسەر کەرکوک کرد.
یەکێتی سوورە لەسەر ئامانج و ستراتیژی لەمێژینەی لەبەرگری کردن لە کەرکوک و هەموو ناوچە کوردستانیە بەناهەق دابرێنراوەکان، هەموو ڕێگایەکی دەستوری و یاسایی و سیاسی دەگرێتەبەر و سازشکردن لەسەر کەرکوک بۆ بەرژەوەندی تەسکی حزبی مێژوو بە ناشیرینی ئەینوسێتەوەو خەڵکی خۆراگری کەرکوکیش لەبیری ناکەن.
فراکسیۆنی یەکێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق