PLUS4
پێش ساڵێک
ساهیرە عەبدوڵا غەرب پەرلەمانتاری عەرەب لەنوسراوێکدا بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، راکان جبوری پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکوک دەستدرێژی کردووەتە سەر هەموو دەسەڵاتەکان و هاوشێوەی سەرۆک وەزیرانێک لەشارەکە مامەڵە دەکات بەبێ رەچاوکردنی بنەما دیموکراتییەکان.
دەشڵێت، جبوری دیکتاتۆرانە مامەڵە لەگەڵ پەرلەمانتارەکان دەکات و گوێ بە رۆڵی پەرلەمانتاران لەروی چاودێرییەوە نادات.
بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، راکان جبوری پۆستەکەی قۆستووەتەوە بۆ پێدانی پۆستەکانی پشکی عەرەب بە کەسانی نزیک خۆی، لەنوسراوەکەدا ئاماژە بۆ دانانی کوڕە خاڵێکی جبوری دەکات لەپۆستی سەرۆکی دەستەی راوێژکاران کە لەدۆسییەی گەندەڵیدا تێوەگلاوە و ئێستا ئەو شار بەڕێوەدەبات.
ساهیرە عەبدوڵا غەرب کە لەجێگەی محەمەد تەمیم بوەتە پەرلەمانتار، لەدانانی فەرمانبەرێکی کشتووکاڵ لەپۆستی بەڕێوەبەری ناحیەی عەباسی توڕەیە و دەڵێت" زۆر هەوڵمانداوە راکان جبوری شێوازی مامەڵەکردنی بگۆڕێت بەڵام سودی نەبوە."
لەبەرانبەردا راکان جبوری لەپەیجی تایبەتی خۆیەوە لەبارەی نوسراوی پەرلەمانتارەکەوە نوسیوێتی: سەردەمی راکان جبوری باشترین ماوە بوە بۆ کەرکوک لەروی بونیادنان و پێکەوەژیان.