daquq
PLUS4
پێش ساڵێک

حزبە تورکمانەکانی داقوق هاتوونەتە سەنگەری کوردەوە دژ بە دوایین هەنگاوی پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکوک بۆ سەپاندنی قایمقامێکی عەرەب بەسەر قەزاکەدا.

حزبە تورکمانەکان کە دژ بە بڕیارەکەی راکان جبوری وەستاونەتە بریتین لە (بەرەی تورکمانی، رێکخراوی بەدر، عەسائب، حیکمە و حزبی دەعوە).

 

سەلمان محەمەد بەرپرسی لقی داقوقی رێکخراوی بەدر بە plus4ی راگەیاند: داواکاری ئێمە دانانی قایمقامێکە لەخەڵکی داقوق ئیدی تورکمان بێت یا کورد و عەرەب کێشەمان نییە.

 

سبەی چوارشەممە، نوێنەری حزبە تورکمانەکان و عەشیرەتەکانی داقوق لەگەڵ راکان جبوری پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت کۆدەبنەوە و تاوتوێی پرسی دانانی قایمقام دەکەن.

 

یەکێتی ئامادەنەبوە بەشداری لەکۆبونەوەکەدا بکات، بەپێی زانیارییەکان لە کۆبونەوەی حزبە کوردستانییەکانی کەرکوک، ئاسۆ مامەند کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بەراشکاویی جەختیکردووەتەوە کە قایمقامی داقوق پشکی کوردەو لەنێو کوردیشدا یەکێتی، بەهیچ شێوەیەکیش سازشی لەسەر ناکەن.

 

پێشتر بەفشاری یەکێتی کە هەڕەشەی مانگرتن و گردبونەوەی لەنێو بینای قایمقامییەت کرد، ئەنجومەنی وەزیران بڕیارەکەیان بە راکان جبوری راگرت.

 

راکان جبوری دەیویست بەبێ رێککەوتن و پرسکردن بە پێکهاتەکانی قەزاکە، (سەعدون حەمادی ماجد) کە خەڵکی ریازی قەزای حەویجەیە وەک قایمقامی داقوق دابنێت.

 

ئیدریس حاجی عادل جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی 17ی داقوقی یەکێتی بە plus4ی راگەیاند: بەبێ رەزامەندی یەکێتی هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت قایمقام دابنێت یا بڕیاری خۆی بسەپێنێت، چونکە خاوەن گەورەترین قاعیدەی جەماوەرییە لەقەزاکە.

 

تورکمانەکان پێشنیازی سێ فەرمانبەری قایمقامییەتیان کردووە لە ( کورد، تورکمان و عەرەب ) بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانی قایمقام تاوەکو لەسەر کەسایەتییەک رێکدەکەون.

 

بەرپرسەکەی بەدر دەڵێت" ئەو بابەتەمان وەک پێشنیازێک خستە بەردەم پارێزگار تاوەکو هیچ بیانویەکی نەمێنێت. "

 

لەکەرکوک چوار پۆستی قایمقام هەیە، هیچ پۆستێکیان بەدەستی کوردەوە نییە لەکاتێکدا بەپێی شایستەی هەڵبژاردن دوو پۆستی بەردەکەوێت.

 

لێپرسراوەکەی یەکێتی دەڵێت "ئێمە لەگەڵ ئەوەین قایمقام بە رێککەوتنی پێکهاتەکانی قەزاکە دابنرێت و ئەو پۆستەش مافی کوردە، ئاگاداری هیچ پێشنیازێکی تورکمانیش نین."