plus4
پێش ٢ ساڵ
عیماد دەهام سەرۆکی دەستەی راوێژکارانی دیوانی پارێزگای کەرکوک ئاشکرایکرد: کادرانی پارتی لەکەرکوک پۆستیان هەیەو ئەفسەری بەڕێوەبەری ئاسایشی باڵەخانەی پارێزگا پارتیە و سەرۆکی بەشەکانیش کە کوردن رەنگە ئینتیمایان بۆ پارتی بێت.
وتیشی، کۆمەڵێک بەشی سەرەکی لەدیوانی پارێزگا بەدەستی کوردەوەن لەوانە ( بەشی یاسایی، بەڕێوەبردنی کوالێتی، وردبینی ژمێریاری یاخود چاودێری ناوخۆیی، کاروباری هاوڵاتیان و چەند بەشێکی تر ).
سەرۆکی دەستەی راوێژکاران رەتیکردەوە پڕۆژەی خزمەتگوزاری لەگەڕەکە کوردییەکان بەراورد بەناوچە عەرەبییەکان کەمتربێت و دەڵێت، لەهەموو پلانێکدا بەڕێوەبەرەکان بەشدارن کە بەڕێوەبەری شارەوانی کوردە، بەڕێوەبەری شارەوانییەکان کوردەو پارتییە، بەڕێوەبەری ئاوەڕۆ کوردەو پارتییە، رۆژێک کەسێکیان لەکۆبونەوە لەگەڵ راکان جبوریدا رەخنەیان نەگرتووە کە ناوچە کوردییەکان بێ خزمەتگوزارین.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە 16 یەکەی ئیداری لەکەرکوک هەن، سەرۆکی یەکەی ئیداری قەرەهەنجیر، شوان، سەرگەڕان لەپێکهاتەی کوردن، یەکێکیان رەخنەی نەگرتووەو ناڕازی نەبوە کاتێک پلانی خەرجکردنی بودجەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان پەسەندکرا.
عیماد دەهام باسی لەوەکرد کە پێش 16-10-2017 پۆستەکان بەرێژەی 90% لای کورد بوەو دوای ئەو مێژوەش بەشێک لەبەڕێوەبەرو بەرپرسە کوردەکان پۆستەکانیان بەجێهێشت، ناچاربوین پڕبکرێتەوە ئەگینا یەک بەڕێوەبەر بەزۆر لەسەر کورسییەکەی لانەدراوە.
ئەوەشی خستەڕوو کە سێ پۆستی سەرەکی پارێزگاکە لای کوردە کە بریتین لە فەرماندەی گشتی پۆلیس، غازی باکور و بەڕێوەبەری وەبەرهێنان، لەبەرانبەردا دوو پۆستی سەرەکی لای عەرەبە و دوو پۆستیش لای تورکمانە .