plus4
پێش ٢ ساڵ
سەرەڕای ئەوەی ئەنوەر عاسی برا گەورەی لەژیاندابوو، بەڵام ساڵانێکی زۆربوو وەسفی عاسی لەدیوانی عوبێد خۆی وەک میر دەناساند.
بەمردنی ئەنوەر، ئیدی رێگرییەک لەبەردەم وەسفیدا نەما بۆ هەڵگرتنی بەیداخی میرێتی عوبێدییەکان، بەتایبەت ئەو ئێستا پەرلەمانتارەو بەفیعلیش هەڵسوڕاوی هێزەکەی فەیسەڵی کوڕی میری کۆچکردووە.
کۆکردنەوەی " هەژمون و چەک " لەدەستی وەسفیدا، یارمەتیداربوو بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین کەسایەتی هۆزەکەی تاوەکو لەو رێگایەوە شەرعیەت بە وەرگرتنی نازناوی مێر بەخۆی بدات.
هێشتا خێوەتی پرسەکەی عاسی هەڵنەگیرابوو، قەیس کوڕە گەورەی موزهر ئەلحسێن خۆی وەک میر ناساند، بەڵام هەر زوو وەسفی عاسی دیاریکردنی قەیسی رەتکردەوە.
لەنێو عەشیرەتی عوبێد، بەخشینی نازناوی مێرێتی بەپێی تەمەن نیە بەڵکو بەپێوەری توانا و لێهاتووی و ناودارییە.
ساڵی 1998 کاتێک موزهر ئەلحسێن عاسی کۆچی دوایی کرد، حەوت برای هەبوو کە بریتین لە ( زاری، وەدعی، نوری، ئەنوەر، حاتەم، وەسفی و سەفوەک ).
بەڵام ئەنوەر ئەلحسێن عاسی برای چوارەمی کرایە مێرو ریش سپی عوبێد.
لەدوای مردنی ئەنوەریش، هێشتا سێ برای لەژیاندان کە بریتین لە ( حاتەم، وەسفی و سەفوەک ).
لەنێو براکانیدا، حاتم زۆرترین نزیکێتی لەگەڵ ئەنوەردا هەبوەو تەنانەت زۆربەی کات هاوڕێیەتی کردووەو هەڵکری مۆرو نوسراوەکانشی بوە، بەڵام وەک وەسفی ناسراو نیە.
ئێستا دیاترین ئەو کەسایەتیانەی وەسفی بە میر قبوڵ ناکەن بریتین لە (کوڕەکانی موزهر عاسی، مونشد عاسی، سامی عاسی، مجحم نەواف و عەبدولرەزاق عفر لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتی تردا ).
ئەوان لەگەڵ گەڕانەوەی نازناوەکەن بۆ کوڕە گەورەی موزهر عاسی و پێیان وایە دەتوانێت شوێنگرەوەی باوکی بێت کە میری پێشوتر بوە، بەپێچەوانەشەوە وەسفی بە نا مەقبول دەزانن لەنێو عوبێدو عەشیرەتەکانی تردا.
یەکێک لەو کەسایەتیانەی بەتوندی دژی دیاریکردنی وەسفیە وەک میری عوبێد، قوسەی عارف نایفە کە لەساڵی 1979 ( عەلی ) برای لەلایەن کوڕێکی سەبعاوی برای سەدامەوە کوژرا و دواتر ئەحمەد حەسەن بەکر سەرۆک کۆمارو سەدام حسێن جێگری ناچاربون بەهەلیکۆپتەر لەگوندی عارف لەحەویجە بنیشنەوە و داوای لێخۆشبونیان لە موزهر عاسی میری ئەو کاتەی عوبێد بکەن.
عوبێدییەکان بەتایبەت کوڕانی عاسی هەمیشە بە بەرهەڵستکارو دووژمنداری رژێمی بەعس ناسراوبون.
ئەوەش زیاتر دوای دەستگیرکردنی نازم عاسی سەریهەڵدا کە بەهۆی نزیکایەتی لە مەلا مستەفا و شۆرشی رزگاریخوازی گەلی کوردەوە بەردەوام لەژێر چاودێری و لێکۆڵینەوەدا بوە، تاوەکو دواتر لەرێگەی قاوەچێکەیەوە کە میسڕی بوە، ژەهر خوارد کرا و کوژرا..گومانەکرێت کوشتنەکەی دەستی بەعسی لەپشتەوە بوبێت.
تەنانەت ئەنوەر عاسی و چەند برایەکی دیکەشی بۆ ماوەیەک لەگرتەوخانەی (ئەمنی عامە) دەستبەسەر کراون.
ئێستا میرێتی بۆ عوبێدییەکان بوەتە نەعرەتە و بەسەر سێ بەرەدا دابەشیکردوون، بەشێک لەگەڵ گەڕانەوەی نازناوەکەن بۆ ماڵی موزهر و بەشێکیش لەگەڵ وەسفین، لایەنی سێیەمیش دژی هەردوولان و داوای هەڵبژاردن دەکەن.
وتاری یەکێک لەشێخەکانی عوبێد لەمەراسیمی راگەیاندنی وەسفی عاسی وەک میر، ئەوەندەی تر دۆخەکەی شڵقاند کاتێک روو لەئامادەبوان وتی " بە ئێوەوە شانازی دەکەین و شەڕی شمەر، جبورو عزە دەکەین."
ئەگەرچی دواتر لەقسەکەی پەشیمان بوەوە و داوای لێبوردنی کرد، بەڵام چاودێرانی دۆخی کەرکوک پێیان وایە وتارە توندەکەی ئەو کەسایەتییە رەنگدانەوەی هەڵوێستی وەسفیە بەرانبەر بەو عەشیرەتانە و ئەوەش چەند ساڵێکە بەئاشکرا لەکەرکوک بونی هەیە بەتایبەت لەچەند ساڵی رابردوودا کاتێک وەسفی عاسی هێرشی توندی کردە سەر راکان جبوری و بە قۆرخکار بۆ عەشیرەتەکەی و گەندەڵ لەئیدارەدان وەسفی کرد.
لەدوایین هەڵبژاردنیش کە دەبوو وەسفی عاسی لەجێی راکان جبوری ببێتە پەرلەمانتار، جبوری ئامادەنەبوو شوێنەکەی خۆی پێ ببەخشێت تاوەکو دواتر خەڵکانێک کەوتنە نێوەندگیری.