فەرماندەی سەربازی
Plus4
berî 1 saet

ئەو فەرماندەیەی قسەکردنی بە کوردی قەدەغەکرد دەنێردرێتەوە کەرکوک..؟


بڕیاری گۆڕانکاری لەپۆستی فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکوک دەرچووەو دوو فەرماندە بۆ وەرگرتنی پۆستەکە پێشنیاز کراون کە یەکێکیان ئەو فەرماندەیەیە کە لەدوای 16 ئۆگتۆبەر لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رێگریکرد فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک بەکوردی قسە بکات.

بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی plus4؛ دوو فەرماندەی سوپا پێشنیاز کراون بۆ وەرگرتنی پۆستی فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکوک؍ بریتین لە (فەریق روکن عەلی فازڵ عومڕان) کە خەڵکی دیالەیە، لەگەڵ (فەریق وەلید خەلیفە تەمیمی) فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی ئێستای بەغدا.

هەرچەندە "ئەبو عەباس باشکانی" فەرماندەی فەوجی حەشد لەسنوری قەزای شنگال لەپۆستێکی فەیسبوک نوسیوێتی، (فەریق روکن عەلی فازڵ عومڕان) فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکان رۆژئاوای نەینەوا لە 2ی ئەیلولەوە فەرمانی بۆ دەرچووە و وەک فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکوک دیاریکراوە.

فەریق روکن عەلی فازڵ عومڕان؛ ئەو فەرماندەیەیە کە لەدوای 16ی ئۆکتۆبەر لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رێگریکرد (لیوا خەتاب عومەر فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک) بە کوردی وەڵامی رۆژنامەنوسان بداتەوە، بەبیانوی ئەوەی لەزمانی کوردی تێناگات.