Plus4
berî 1 saet
لەکەرکوک پرسی دابەشکردنی زەوی تاوتوێدەکرێت
دەستەی باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاکان، بە سەرۆکایەتی ئەحمەد عەبدولزەهرە فەتلاوی، ڕێکخەری گشتی کاروباری پارێزگاکان و سەرۆکی لیژنەی ئامادەکردنی زەوی، کۆبوونەوەیەکی تایبەتی سەبارەت بە یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی تەرخانکردنی زەوی لە کەرکوک ئەنجامدا، لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ دابەشکردنی یەک ملیۆن پارچە زەوی نیشتەجێبوون.
لە کۆبوونەوەکەدا ڕێبوار تەها، جێگری یەکەمی پارێزگار و محەمەد سەمعان ئاغا، پارێزگاری کەرکوک و محەمەد ئیبراهیم حافز، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا، لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی پەیوەندیدار بەشدار بوون.
لە دیدارەکەدا باس لە میکانیزمە یاسایی و کارگێڕییەکان کرا بۆ تەرخانکردنی زەوی، بە شێوەیەک کە مافی هەموو پێکهاتە ڕەسەنەکانی کەرکوک بپارێزرێت و ڕەچاوی تایبەتمەندیی کۆمەڵایەتی و مێژوویی پارێزگاکە بکرێت، بە ئامانجی چەسپاندنی دادپەروەری و پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی.
ئامادەبووان ڕێککەوتن لەسەر دوورخستنەوەی ئەو زەوییانەی کە ململانێ و کێشەیان لەسەرە، هەروەها بڕیاردرا کۆبوونەوەکان بەردەوام بن بۆ خێراکردنی کارەکان تاوەکو هاووڵاتیانی کەرکوک بە شێوەیەکی دادپەروەرانە لەم پڕۆژە نیشتمانییە سوودمەند بن.
لای خۆیەوە، دکتۆر فەتلاوی جەختی کردەوە کە لیژنەی ناوەندی بە وردی ڕەچاوی فرەپێکهاتەیی کەرکوک دەکات و پێوەرەکان بە جۆرێک دەبن کە مافی هەمووان مسۆگەر بکات




