Plus4
berî 54 deqîqe
پەیامێک لە فراکسیۆنی یەکێتییەوە بۆ دانیشتوانی خانەقین
فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەبارەی دۆخی خانەقین و دیالە راگەیەندراوێكی بڵاوکردەوە ودەڵێت ؛ بەوپەڕی نیگەرانیەوە چاودێری دۆخی خانەقین و ناوچە کوردستانیەکانی دیالە دەکەین، پێویستە بەپێی دەستوری هەمیشەیی عێراق و یاسا بەرکارەکانی عێراق مامەڵەی لەگەڵ بکرێ.
چالاکی مەدەنی و ئاشتیانە مافێکی دەستەبەرکراوی دەستورییە، بەتایبەتی ئەگەر مەسەلەکە جێبەجێکردنی دەستور و مادەی ١٤٠ بێت.
داوا دەکەین دوور لەزەبری هێز و دەستگیرکردن مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکرێ و هەستیاری و تایبەتمەندی دۆخی خانەقین و ئەو ناوچانە رەچاوبکرێ.
داوا دەکەین دەستگیرکراوەکان ئازاد بکرێن و هەرچی فەرمانی گرتن بۆ سیاسیەکان و چالاکوان و گەنجان دەرچووە هەڵبوەشێنرێتەوە.
پێویستە گۆڕینی دیمۆگرافی و بەقەزاکردنی جەلەولا و قەرەتەپە و لابردنی ناحیەکانی سەعدیە و قەرەتەپە هەڵبوەشێنرێتەوەو بەپێی دەستور و مادەی ١٤٠ مامەڵەی لەگەڵدا بکرێ و هەموو ئەو رێکارانەی پێچەوانەی دەستورن رابگیرێن.
لەکۆتاییدا پەیاممان بۆ خەڵکی سەربەرزی خانەقین و ناوچە کوردستانیەکانی دیالەیە، دەزانین لەژێر فشاری زۆردان و ناوچەکەتان رووبەرووی کێشە و گرفتی زۆر بۆتەوە، داواتان لێدەکەین بەئارامی و بەپێی دەستورو یاسا داکۆکی لەمافەکانتان بکەن و دڵنیاتان دەکەینەوە ئێمە لە فراکسیۆنی یەکێتی پشتیوانتان دەبین و داکۆکیکاری دەستوری و یاساییتان دەبین.




