نەوتی کەرکوک
Plus4
berî 1 saet

ئەمڕۆ دووشەممە سەلیم روكابی وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، ئاستی بەرهەمێنانی نەوت لە سەرجەم كێڵگەكان رۆژانە دەگاتە سێ ملیۆن بەرمیل.

دەشڵێت، لە ئێستادا بڕی هەناردەكردن لە بەندەرانەكانی باشوری عیراق رۆژانە بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل و دوو سەد هەزار بەرزبووەتەوە. 

وتیشی: وەزارەت بەرنامەیەكی داڕشتووە بۆ بەرزكردنەوەی بڕی هەناردەكردنی نەوتی خاو لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە بۆ 750 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا بە بەكارهێنانی بارهەڵگر بۆ گواستنەوەی نەوتی باشوور.

راشیگەیاند: رێككەوتنەكانی ئێستا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، پێداویستییەكانی هەناردەكردن پڕدەكەنەوە و دەبنە جێگرەوەیەك بۆ ئەو كەمبوونەوەیەی هەناردەكردن بەهۆی داخرانی گەروی هورمزەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، وەزارەتی نەوت هەوڵدەدات داهاتی گشتی زیاتر بكات لە رێگەی هەناردەكردنی زیاتری بەرهەمە نەوتییەكان.