berî 1 saet
خەواجە ئاسیف وەزیری بەرگریی پاکستان لە لێدوانێکیدا بۆ یەکێک لە کەناڵە تەلەفیزیۆنییەکانی وڵاتەکەی رایگەیاند، : ئیسرائیل هەڕەشەیە بۆسەر تەواوی جیهانی ئیسلامی و داوای دروستکردنی بەرەیەکی سەربازیی یەکگرتوو دەکات لە دژی ئیسرائیل.
ئاسیف لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشدا، قەوارەی ئیسرائیل هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆسەر هەموو وڵاتانی ناوچەکە و بە مێژووی دروستبوونیشی وەک دەوڵەتێکی نایاسایی و بەرهەمی 'راگەیەندراوی بەلفۆری' ساڵی 1917 ناو برد.
وەزیری بەرگریی پاکستان جەختیشی کردەوە، گۆڕینی سەرکردەکان لە ئیسرائیل و ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هیچ لە رەوشەکە ناگۆڕێت و بیرکردنەوەی ئەوان بەرانبەر بە فەڵەستینییەکان وەک خۆی دەمێنێتەوە.
ئاسیف وتیشی، ئیسرائیل بەردەوامە لە هاندانی وڵاتانی ئیسلامی لەدژی یەکتر، بۆیە تا کێشەی فەڵەستین بە تەواوی چارەسەر نەکرێت، دەبێت جیهانی ئیسلامی وەک دەستەیەک لە دژیان بوەستێتەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەم لێدوانانەی وەزیری بەرگریی پاکستان تەنها رۆژێک دوای ئیمزاکردنی رێککەوتننامەیەکی سەربازیی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی سعودیە و تورکیا دێت، کە تێیدا جەختی لە پێویستیی یەکگرتوویی وڵاتە ئیسلامییەکان کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانە.




