دانا غاز
Plus4
berî 1 saet

دانە غاز وەڵامی حکومەتی هەرێم دەداتەوە: لە ڕێککەوتنی پێدانی غاز بە بەغدا ئاگادارن و پێویستمان بە ڕەزامەندیی نییە

🔺 حکومەتی هەرێم زیاتر لە سێ ساڵە لە پێدانی شایستە داراییەکانمان دواکەوتووە

کۆمپانیاکانی (دانە غاز) و (نەوتی هیلال) لە ڕاگەیەندراوێکدا وەڵامی تۆمەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدەنەوە سەبارەت بە ڕەوانەکردنی غازی کۆرمۆر بۆ کەرکووک و ڕایدەگەیەنن؛ حکومەتی هەرێم لە ڕێککەوتنی فرۆشتنی غاز بە وەزارەتی کارەبای عێراق ئاگادارە و ئەم هەنگاوەش پێویستی بە هیچ ڕەزامەندییەکی زیادە نەبووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی (پێڕڵ پێترۆلیۆم)، لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە حکومەتی هەرێم و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان زانیاریی تەواویان لەسەر ڕێککەوتنی فرۆشتنی غاز بە بەغدا هەبووە و کۆپییەکی گرێبەستەکەشیان پێدراوە. کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەش کردووە، گرێبەستەکە بەپێی مافی تایبەتی بەبازاڕکردنی کۆمپانیاکە ئەنجامدراوە کە پێشتر لە ڕێکاری یاسایی نێودەوڵەتیدا پەسەند کراوە.

کۆمپانیاکە باسی لەوەش کردووە، سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێم زیاتر لە سێ ساڵە لە پێدانی شایستە داراییەکانیان دواکەوتووە، بەڵام ئەوان بەردەوام بوون لە جێبەجێکردنی پابەندبوونەکانیان بەرامبەر هەرێم. ڕوونیشیکردووەتەوە، ئەو ١٠٠ ملیۆن پێ سێجایەی ڕۆژانە ڕەوانەی کەرکووک دەکرێت لە توانای زیادەی پڕۆژەی (کۆرمۆر ٢٥٠) دابین دەکرێت، ئەوەش بێجگە لە دابینکردنی ٦٥٥ ملیۆن پێ سێجای ڕۆژانە بۆ وێستگەکانی کارەبای هەرێم کە پێداویستییە ڕاستەقینەکانی ناوخۆ پڕ دەکاتەوە. هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە زیاتر لە ٤ ملیار دۆلاریان لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێناوە.

لەلایەکی دیکەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی پێنجشەممە (٦ی ئابی ٢٠٢٦) لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕەتی کردەوە ڕەزامەندی لەسەر پێدانی غازی کۆرمۆر بە وەزارەتی کارەبای عێراق دابێت، هاوکات بڕیارەکەی دانە غاز و نەوتی هیلالی بە بڕیارێکی "تاکلایەنە" و "پێشێلکاریی ڕوونی یاسایی و گرێبەستەکان" وەسف  کرد .

هەر لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژەیان بەوەشکردووە، فرۆشتنی غاز بە کەرکوک زیانی لە پێویستییەکانی هەرێم نەداوە.