كؤبونةوةي نةوتي توركيا و عراق
ئاژانسی هەواڵی plus4
berî 1 saet

توركیا رەتیدەكاتەوە رێككەوتنی گواستنەوەی نەوتی عێراق لەرێگەی هێڵی كەركوك- جەیهان بەم شێوازەی ئێستای نوێبكاتەوەو داوای داڕشتنەوەو هەمواركردنەوەی دەكات.

 

رێككەوتنەكەی پێشوو لە 27ی تەموزی 1973 ئەنجامدراوە و رێگا بە هەناردەی نەوتی عێراق دەدات لەرێگەی بۆڕی كەركوك- جیهان، 27ی ئەم مانگە كۆتایی دێت.

 

ئەلب ئەرسەلان بیرقدار وەزیری وزەی توركیا دەڵێت: عێراق داوایكردووە رێككەوتنەكە بۆ ماوەی ساڵێك درێژ بكرێتەوەو رۆژانە 750 هەزار بەرمیل نەوتیش لەو هێڵەوە هەناردە بكات.

 

دەشڵێت: بەو پێشنیازە رازی بوینە بەڵام دەبێت لەرێگەی كۆمپانیای هێڵی بۆڕییەكانی نەوتی توركیا ( بوتاش) ئەو كارە بكرێت تاوەكو ئاستی هەناردەكەی ئێستا كە 180 هەزارە بۆ 750 هەزار بەرمیل رۆژانە بەرزبكرێتەوە.

 

بەوتەی وەزیری وزەی توركیا، وەڵاتەكە دەیەوێت لەماوەی 5 بۆ 6 مانگی داهاتوودا جارێكی تر رێككەوتنەكەی لەگەڵ عێراق هەمواربكاتەوەو فراوانتریشی بكات.

 

بەپێی پێشنیازەكەی توركیا، هێڵی جەیهان- كەركوك فراوانتر بكرێتەوە تا دەگاتە بەسڕەو لەوێشەوە بۆ وەڵاتانی كەنداو كە توانای هەناردەی دوو ملیۆن و 500 هەزار بەرمیا رۆژانەی هەبێت و رێگاش بدرێت كوەیت و وەڵاتانی كەنداویش هەر لەرێگەی ئەو بۆڕیەوە ئەگەر ویستیان، نەوتەكەیان هەناردە بكەن.

 

داواشیانكردووە، هەر لەگەڵ ئەو بۆڕیەدا، هێڵی غازیش راكێشرێت تاوەكو بتوانرێت غازی قەتەڕ بگوازێتەوە.

 

توركیا نوێكردنەوەی رێككەوتنەكەشی بەستوەتەوە بەو دۆسییە یاساییەی لەنێوان ئەنقەرەو بەغدا هەیە.

 

لە مانگی شوباتی 2023 دەستەی داوەری نێودەوڵەتی، سكاڵایەكی لەبەرژەوەندی عێراق یەكلاكردەوەو توركیای ناچاركرد بە پێدانی یەك ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بە بەغدا وەك قەرەبوی ئەو پێشێلكاریەی لەنێوان ساڵی 2014 تا 2018 ئەنجامیداوە كە رێگەی بە هەرێمی كوردستان داوە نەوتەكەی لەرێی ئەو بۆڕییەوە بگوازێتەوە بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت لەبەغدا.

 

هەروەك عێراقیشی ناچاركردووە 500 ملیۆن دۆلار بە توركیا بدات كە پەیوەندی بە رسوماتی نەدراوەوە هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی نەودەكان.