ديلان غفور
plus4
berî 3 saet

پەرلەمانتار دیلان غەفور ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، وتارێکی بەناونیشانی ( عێراق کێشەی کەمبوونەوەی داهاتی هەیە ) بڵاوکردووەتەوە.

🔻دەقی وتارەکەی👇

عێراق لە دۆخێکی دارایی دژواردایەو داهات تەواو کەمبووەتەوە، لە سەردانی هەفتەی ڕابردووی بەڕێز وەزیری دارایی بۆ لیژنەی دارایی پەرلەمان بە وردی باسی دۆخی ئابوری و کەمبوونەوەی داهات و هەنگاوەکانی حکومەتی کرد لەپێناو زیادکردنی داهات.

بەهۆی نەفرۆشتنی نەوت و داخرانی گەرووی هورمز، سەرچاوەی سەرەکی داهاتی وڵات کە فرۆشتنی نەوتە تووشی گرفت بووە، حکومەت کاردەکات بۆ فرەسەرچاوەکردنی داهات و ئێمەش لە پەرلەمانەوە پشتیوانیی دەکەین.

لەو چوارچێوەیەدا وەزارەتی دارایی شەش پڕۆژەیاسای ئامادەکردووەو ڕادەستی لیژنەی دارایی کردووە کە ئامانج لێیان زیادکردنی داهاتە لە ڕێی چاکسازیی وەبەرهێنان، بەکارهێنانی زەوی کشتوکاڵی، فرۆشتنی موڵکەکانی وەزارەتی دارایی، مۆڵەتی فەرمانبەران و گواستنەوەیان بۆ کەرتی تایبەت لە پێناو کەمکردنەوەی فشارەکانی سەر پارەی مووچە.

حکومەتی عێراق قەرزێکی زۆری ناوخۆیی و دەرەکیی لەسەرەو بەدوای ڕێگەچارەی گونجاودا دەگەڕێت بۆ دانەوەی قەرزەکان، یەکێک لەوانەش فرۆشتنی موڵک و ماڵی دەوڵەتە.

لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە، حکومەت کاری لەسەر دەکات و بۆ ساڵی داهاتوو یاسای بودجەی دەبێت و بودجە لە شێوازی بنودەوە دەگۆڕێت بۆ بەرنامج، ئەم شێوازی بودجەیەش لە وەزارەتەکاندا سەرەتا لە وەزارەتی کارەبا جێبەجێ دەکرێت و لە پارێزگاکانیش لە سەلاحەدین و دیوانیە جێبەجێ دەکرێت.