ئاژانسی هەواڵی plus4
berî 1 saet
لەبەغدا رەشەبای راماڵینی گەندەڵكارانی دۆسییەی نەوت هەڵیكردووە و چوار پارێزگا و هەرێمی كوردستانیشی گرتوەتەوە.
كاتژمێر 3ی بەرەبەیانی رۆژی یەكشەممە 28ی حوزەیران، هێزێكی هاوبەشی دەزگای دژەتیرۆر و فیرقەی قوات خاسە.. لەیەك كاتدا چونە نێو ناوچەكانی خەزرا، یەرموك، قادسییە، شەعب، سەدر و زەیونە لەبەغدا و بەتەواوی هەموو جموجۆڵكیان تێیدا پەكخست. هێزێكی دیكەی بەرپەرچدانەوەی خێراش چەند ماڵێكیان لەپارێزگاكانی مەیسان ، بابل، دیالە و سەڵاحەدین گەمارۆدا.
هەر لەو كاتەی ئۆپراسیۆنە فراوانەكەی بەغدا و چوار پارێزگاكەی تر جێبەجێ دەكرا، تەلەفۆنێك لەبەغداوە دەكرێت بۆ هەولێر.. پێیان دەوترێت ژمارەیەك ناوتان بۆ رەوانە دەكەین، لەهەولێر نیشتەجێن.. هەر ئێستا دەستگیریان بكەن و رەوانەیان بكەنەوە.
پێش دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنەكە كە لەسەر بنەمای دانپێدانانەكەی عەدنان جومەیلی و دەستگیركراوەكانی تر ئەنجامدراوە، فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، ناوی پەرلەمانتارە داواكراوەكانی خستووەتە بەردەم سەرۆكایەتی پەرلەمان و پێی وتوون: فەرموو یەكێكتان واژوو لەسەر هەڵگرتنی پارێزبەندییەكانیان بكەن.
بەپێی دەستور و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، لەكاتی پشووی وەرزی یاسا داناندا، سەرۆك یاخود جێگرەكانی دەتوانن واژوو لەسەر هەڵگرتنی پارێزبەندی هەر پەرلەمانتارێكی داواكراو بكەن بەبێ گەڕانەوە بۆ دەنگدانی پەرلەمانتاران.
كەناڵی عەرەبییە، ناوی ژمارەیەك بەرپرسی بڵاوكردووەتەوە گوایە لەئۆپراسیۆنەكەی بەرەبەیانییەوە دەستگیركراون كە بریتین لە:
- موسەنا سامەرائی سەرۆكی هاوپەیمانی عەزم.
-عەلی مەعارج بریكاری پێشوی وەزارەتی نەوت.
-پەرلەمانتار محەمەد مەیاحی كە پێشتر پارێزگاری واست بوو
-پەرلەمانتار زیاد جەنابی سەركردە لەهاوپەیمانی عەزم
-پەرلەمانتار هند عەباسی.
-ئیبراهیم سومەیدەعی نوسەرو یاساناس و راوێژكاری پێشوی سەرۆك وەزیران.
-محەمەد سەیهود - پەرلەمانتاری پێشوو دەوڵەتی قانون
-پەرلەمانتار محەمەد كەربولی، سەركردە لەهاوپەیمانی عەزم.
-پەرلەمانتار بەها نوری، وتەبێژی پێشوی دەوڵەتی قانون.
-پەرلەمانتار عالییە نوسەییف، سەركردەی پێشوو لەدەوڵەتی قانون.
-پەرلەمانتار حەسەن خەفاجی پەرلەمنتار و سەرۆكی لیژنەی وەبەرهێنانی پەرلەمان.
- پەرلەمانتار عەبدولرەحمان لوێزی
- پەرلەمانتار موزڕ كڕەوی – هاوپەیمانی سیادە
- پەرلەمانتار محەمەد فەرمان
-پەرلەمانتار بوشرا قەیسی- حزبی جەماهیر
هەموو ئەو ناوانەی باسمكردن، هێشتا دەستگیركردنیان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە پستراست نەكراونەتەوە و ژمارە و ناسنامەی تەواوی دەستگیركراوەكانیش بەتەواوەتی دیار نییە.
بەپێی زانیارییەكان، لەكاتی هەڵمەتی دەستگیركردنی یەكێك لەداواكراوەكان، لەناوچەی سەوز شەڕە تەقەش دروست بوە.