کارەبا
Plus4
berî 13 saet

وەزارەتی کارەبا: زیاتر لە 55٪ی کارەبای عێراق بەهۆی سەرپێچییەوە بەفیڕۆ دەچێت

 

وەزارەتی کارەبای عێراق بەهەماهەنگیی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، هەڵمەتێکی بەرفراوانی نیشتمانیی بۆ لابردنی تەواوی زیادەڕۆیی و سەرپێچییەکانی سەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی لەسەرجەم پارێزگاکاندا دەستپێکرد.

 

ئەمەش وەک یەکەم هەنگاوە بۆ کۆنترۆڵکردنی قەیرانی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا.

 

ئەمڕۆش وەزارەتی کارەبای عێراق لەڕاگەیاندراوێكی فەرمیدا ئاشکرایکرد: وەزیری کارەبای عێراق، بریکاری وەزارەتەکەی بۆ کاروباری گواستنەوەو دابەشکردن، ڕاسپاردووە تا سەرپەرشتیی مەیدانیی ئەم هەڵمەتە گەورەیە بکات بۆ پاککردنەوەی تۆڕی کارەبای نیشتمانی لەسەرپێچی و زیادەڕۆیی.

 

دەشڵێت: ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای گشتاندنی فەرمیی ئەنجومەنی باڵای دادوەری دەرکراوە کە ڕێگەی یاسایی بەتیمەکان دەدات ڕێکاری تووند بەرامبەر سەرپێچیکاران بگرنەبەر کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەباو ئاڵنگارییەکانی وەرزی گەرما.

 

وەزارەتی کارەبا ئامارێکی مەترسیداری خستەڕوو ڕوونیکردەوە: عێراق لەئێستادا پێویستی بەنزیکەی 62 هەزار مێگاوات کارەبا هەیە، لەکاتێکدا قەبارەی بەرهەمهێنانی ئێستای وێستگەکان تەنها نزیکەی 20 هەزار مێگاواتە.

 

هۆکاری سەرەکیی تێکچوونی دۆخی کارەباشی ئاشکرا کردو دەڵێت: ڕێژەی بەفیڕۆچوونی کارەبا لەتۆڕەکانی دابەشکردندا 55%ی تێپەڕاندووە، ئەمەش بەو واتایە دێت کە زیاتر لەنیوەی تەواوی ئەو وزەیەی لەوێستگەکاندا بەرهەمدەهێنرێت، بەهۆی سەرپێچیی هاووڵاتیان و بازرگانان و بەفیڕۆچوونی تەکنیکی و ناتەکنیکی کە ناگاتە شوێنی خۆی.