plus4
berî 59 deqîqe
شایستەی دارایی زیندانیانی سیاسیی هەرێم و عێراق هاوتا دەکرێت
د. وەلید سەهلانی؛ سەرۆکی دامەزراوەی زیندانیانی سیاسی عێراق ئاشکرایکرد: لەئێستادا لەهەوڵدان تا شایستە داراییەکانی زیندانیانی سیاسیی هەرێم هاوتای عێراق بکرێت.
سەهلانی، وتیشی: زیندانیان لەهەر شوێنێکی کوردستان و عێراق بن، هەمان مەینەتییان لەسەر دەستی ڕژێمی پێشوو بینیوە، بۆیە نابێت هیچ جیاکارییەک لەنێوانیاندا هەبێت و پێویستە بەپێی دەستووری عێراق مافەکانیان هاوتا بکرێت.
نیگەرانیی خۆییشی دەربڕی لەوەی بەشێکی زۆری زیندانیانی سیاسیی هەرێم تائێستا هیچ ماف و شایستەیەک وەرناگرن، یاخوود بڕە پارەیەکی کەم وەردەگرن، شایستەکانیان زۆر کەمە.
ناوبراو وتیشی: بەداخەوە زۆربەی خانەوادەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لەهەرێم ستەملێکراون و مافی شایستەی خۆیان وەرناگرن.
جەختیشیکردەوە کە ڕۆڵی سەرەکیی ئەوان، پاراستنی مافی سەرجەم ئەو کەسانەیە کەلە ساڵی 1961ەوە تاکاتی ڕووخانی بەعس لە 2003، سوودمەندبن لەیاساکە.
دەشڵێت: ئێمە هیچ جیاکارییەک لەنێوان هیچ کەسێکدا ناکەین و تەواوی زیندانیانی سیاسی بەیەک چاو تەماشادەکەین.




