berî 1 saet
نوسراوێكی ئیبراهیم تەمیم؛ كوردو عەرەب و توركمان توڕە دەكات
لەچەند رۆژی رابردوودا وەزارەتی كارەبا بڕیاری دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتی كارەبای حەویجەی خستە بواری جێبەجێكردنەوە و هەردوو قەزای داقوق و دووبزیشی خستە سەر، لەكاتێكدا پەرلەمانتاران و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەكوردو عەرەب و توركمانەوە بەفەرمی داوایان دەكرد ئەو بابەتە دوابخرێت یاخود بەتەنها حەویجەو سێ ناحییەكەی خۆی بگرێتەوە.
بەپێی ئەو بەڵگەیەی دەستی پڵەس فۆڕ كەوتووە، رۆژی 20ی نیسانی 2026 كە هێشتا مەرسومی كۆماری رادەستی محەمەد سەمعان وەك پارێزگاری كەركوك نەكرابوو، محەمەد تەمیم جێگری پارێزگار ئەوەی قۆستوەتەوە كە بەوەكالەت پۆستەكەی پڕكردوەتەوە، نوسراوێكی ئاراستەی وەزارەتی كارەبا كردووەو تێیدا داوای كردووە دوو نوسراوی نهێنی رێبوار تەها پارێزگاری پێشوی كەركوك فەرامۆش بكرێت كە داوا دەكات بەتەنها ناحیەكانی عەباسی، ریازو زاب بخرێنە سەر كارەبای حەویجە.
وەزارەتی كارەبایش نوسراوەكەیان بەهەند وەرگرتووەو بڕیاری دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتی حەویجەیان دەركردووە و هەردوو قەزای داقوق و دووبزیشیان خستوەتە سەری كە پێشتر رێبوار تەها رێگری لەو هەنگاوە دەكرد.
رۆژی 29ی نیسانی 2026، نوسراوێك بە واژووی 12 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ئاراستەی سەرۆكی ئەنجومەنەكە كراوە و تێیدا بە ئاشكرا باس لەنوسراوەكەی ئیبراهیم تەمیم دەكەن كە هەردوو قەزای دووبزو داقوقی خستوەتە سەر كارەبای حەویجە و بابەتەكەش چوەتە بواری جێبەجێكردنەوە بەبێ رەچاوكردنی ناڕەزایەتی پارێزگاری پێشوو و ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و پەرلەمانتارانیش.
داوا دەكەن دەستبەجێ ئەو رێوشوێنانە رابگیرێت و بەتەنها لقی دابەشكردنی كارەبای كەركوك بمێنێت، ئەندامەكان دەشڵێن: هەر بڕیارێك بەزۆر بسەپێنرێت بەبێ وەرگرتنی بۆچونی ئەنجومەنی پارێزگا رەتدەكەینەوە.
پێشتریش پەرلەمانتارانی كوردو توركمان و عەرەب یاداشتێكیان بە واژووی هەمویان خستە بەردەم وەزیری كارەبا و داوایانكرد، پڕۆسەكە دابخرێت یا بەتەنها سنوری قەزای حەویجە بگرێتەوە كە سێ ناحیەی لەسەرە و بریتین لە ( ریاز، زاب و عباسی ).




