Plus4
berî 1 saet
🔻زیاتر لەهەفتەیەكە خەڵكی گوندێكی كەركوك گیریان خواردووە و خەریكە خواردنیان نامێنێت
🔶ماوەی هەفتەیەكە دانیشتووانی گوندی (ساری تەپە) لەنێو گوندەكە گیریان خواردووەو تەنانەت جەژنیشیان نەكردووە و بەقسەی خۆیان؛ خەریكە ئازوقەیان لێ دەبڕێت و دەترسن بەتەواوی ژێر ئاو بكەون.
🔶یەكێك لەدانیشتووانی گوندی ساری تەپەی سنوری ناحیەی لەیلان ( باشوری رۆژهەڵاتی كەركوك ) بە plus4ی راگەیاند: ماوەی هەفتەیەكە بەهۆی باران بارینەوە هەموو چەم و دۆڵەكان پڕ ئاو بونە و گوندەكە لەهەموو لایەكە ئاو گەمارۆی داوەو رێگەی هاتووچۆ بڕاوە.
🔶گوندی ساری تەپە، تەنها 20 كیلۆمەتر لەسەنتەری شاری كەركوكەوە دوورە، گوندەكە لەدوو بەش پێكدێت، بەشێكیان عەرەب نشینن و هەموو خزمەتگوزارییەكیان هەیە و پردیشیان بۆ كراوە بۆ پەڕینەوە و گەیشتن بە رێگەی سەرەكی شەقامی پشتوێنەیی، بەڵام بەشەكەی تر كە كوردنشینن بەوتەی دانیشتوانەكەی، هیچ خزمەتگوزارییەكیان نییە و تەنانەت رێگاكانی پێشویش ئاو بردوێتی.
🔶لەنێو گوندەكە، فەرمانبەرو كارمەندی هێزە ئەمنییەكانیش هەن، ئەم هەفتەیە هیچ كەسێكیان نەیانتوانیوە لەگوندەكە دەربچن و بچنە سەر ئەركەكانیان.
🔶دانیشتووانی ساری تەپە لە 20 بۆ 23 خێزان پێكدێن، منداڵ و خەڵكی بەتەمەن و كەسانی توشبوی نەخۆشی درێژ خایەنیشی تێدایە، لەئێستادا هاواریان لێ هەستاوەو دەرمانیان نەماوە و خەریكە خواردن و خواردنەوەشیان نامێنێت، نەبونی دەرمانخانە گەورەترین كێشەی بۆ خەڵكەكە دروست كردووە.




