ئاژانسی هەواڵی plus4
berî 2 saet
دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاند: لەحەوت پارێزگای عێراق، 32 هێرشی ئاسمانی كراوەتە سەر بارەگاكای حەشد و 27 چەكدار گیانیان لەدەستداوە و 50ی دیكەش برینداربونە.
دەستەی دەڵێت: بارەگاكانمان لەپارێزگاكانی كەركوك، دیالە، ئەنبار، نەینەوا، سەڵاحەدین، واست و بابل هێرش كراوەتە سەریان لەكاتێكدا بەشێكین لەسیستمی بەرگری و هەماهەنگی تەواویشمان لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان هەیە.
حەشد رەتیدەكاتەوە، ئەو هێزانەی كرابێتنە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەكان هیچ رۆڵیان لەهێرشكردنە سەر بارەگاكانی ئەمریكا لەعێراق هەبوبێت و دەڵێت: ئەوانە بێ تاوان بون و ئەركی فەرمی خۆیان جێبەجێدەكردو بەشێكیان لەسەر سنور، سەروەر و ئاسایشی عێراقی دەپاراست.
دەستەی حەشد داوا لەهەموو هێزە سیاسییەكان دەكات هەڵوێستی نیشتیمانی خۆیان بنوێنن بۆ راگرتنی ئەو هێرشانەی دەكرێتە سەریان و دەشڵێت: خوێنی شەهیدەكانمان بەفیڕۆ ناچێت.




