plus4
پێش ٢ کاتژمێر
لە بیرەوەری (41)مین ساڵڕۆژی شەهیدبوونی مامە ریشە و هاوسەنگەرانیدا هەڤاڵ ئاسۆ مامەند پەیامێک بڵاودەکاتەوە
“هەموو کوردێک مامە ریشە و شەڕڤانێکە و دەبنە پڵنگ و رەشەبا و دووژمنانی کورد رادەماڵن”
رۆژی 24ی 1ی کانونی دووەمی هەموو ساڵێک یادی شەهیدبوونی یەکێک لە فەرماندە هەرە ئازا و قارەمانەکانی کورد دەکەینەوە کە ئەویش (مامە ریشە) و پۆلێک لە هاوسەنگەرانییەتی، کە لە پیلانگێڕییەکی ترسنۆکانەدا و بە دەستی چەند بەکرێگیراوێک بە نامەردیی شەهید کران و گەیشتنە کاروانی شەهیدان، و بوونە سیمبوڵی ئازایەتی و بەرخودان لە تەواوی کوردستان.
ئەمساڵ لە هەلومەرجێکدا یادی (مامە ریشە) و پۆلێک لە هاوسەنگەرانی دەکەینەوە، میللەتەکەمان لە رۆژئاوای کوردستان رووبەڕووی گەلەکۆمەیەکی هەرێمی نێودەوڵەتی بوونەتەوە، کە لە رێی چەتەکانی ئێستای حکومەتی سوریا کە بە (د*اع*شی نوێ) ناسراون هەوڵی سڕینەوە و لەناوبردنیان دەدرێت.
(دووژمنانی کورد ویستیان بە شەهیدکردنی مامە ریشە و هاوڕێکانی؛ بڵێسەی "شۆڕش و بەرخودان" خامۆش بکەنەوەو ترس و تۆقاندن بخەنە نێو دڵی میللەتەکەمانەوە، بەڵام خەیاڵیان خاوبوو، بە شەهیدکردنی مامە ریشە و هاوسەنگەرانی؛ ئەوەندەی تر میللەتەکەمان رق ئەستوورتر بوو ئاگریان لە جەستەی حزبی بەعسی فاشی و بەکرێگیراوەکانی بەرداو راپەڕینی ساڵی 1991یان بەرپاکرد!
بۆیە پێویستە دووژمنانی کورد زۆر باش لەو راستییە تێبگەن، کاتێک ئازارەکان دەگاتە سەر ئێسک، هەموو کوردێک مامە ریشە و شەڕڤانێکە، و دەبنە پڵنگ و رەشەبا و دووژمنانی کورد رادەماڵن. بۆیە پێویستە دووژمنانی کورد پەند لە مێژوو وەربگرن، و چیتر دەست لە کوشتن و داگیرکاری میللەتانی ناوچەکە هەڵبگرن، لە جیاتی هەڕەشە و پەلاماردان بیر لە پێکەوە ژیان و گیانی یەکتر قبوڵکردن بکەنەوە.
هەر لەم یادەدا تەئکید دەکەینەوە؛ لەسەر تەواوی حزب و لایەنە کورستانییەکان پێویستە لەم قۆناغە هەستیارەی میللەتەکەماندا ناکۆکییەکانیان بەلاوە بنێن و یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بن، تاوەکو بتوانن رووبەڕووی هەر ئەگەر و روووداوێکی نەخوازراو ببنەوە، و رێگە لە هەڕەشە و پیلانگێڕییەکان بگیرێت کە دژ بە خواست و مافەکانی خەڵکی کوردستان ئەنجام دەدرێن.
لەم یادەدا سڵاو.. لە گڵکۆی شەهیدی فەرماندە مامە ریشە و هاوسەنگەرانی! و سەرجەم شەهیدانی کوردستان!
ئاسۆ مامەند
سەرپەرشتیاری کەرکوک-سەڵاحەدینی یەکێتیی نشتمانیی کوردستان




