Plus4
پێش ٢ کاتژمێر
کارتی نیشتەجێبون هەڵدەوەشێتەوەو لەگەڵ کارتی نیشتمانی یەک دەخرێنەوە
محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد سەبارەت بە کارتی نیشتیمانی یەکگرتوو و تێکەڵکردنی لەگەڵ کارتی نیشتەجێبوون.
لە کۆبوونەوەکەدا پێشنیارەکانی تایبەت بە پڕۆژەکە خراونەتەڕوو، لەوانەش پەسەندکردنی سیستەمی کارتی نیشتیمانی یەکگرتوو وەک سیستەمی ناوەندی بۆ بەڕێوەبردنی زانیاری کەسیی هاوڵاتیان، هەروەها زیادکردنی زانیارییەکانی کارتی نیشتەجێبوون بۆ ناو ئەم کارتە، بە شێوەیەک کە چیتر پێویستی بە دەرکردنی کارتی نیشتەجێبوون نابێت و هەڵدەوەشێتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا گەشەپێدانی سیستەمی ئەلیکترۆنی کارتی نیشتیمانی یەکگرتوو تاوتوێکرا بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی تر، وەک گۆڕینی زانیاریی نیشتەجێبوون، داواکردنی وێنەی قەید، گۆڕینی دۆخی کۆمەڵایەتی، لەگەڵ هەموو خزمەتگوزارییەکانی تر کە پەیوەندییان بە کارتەکەوە هەیە.
سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران داوایکرد پڕۆژەکە بە خێرایی تەواوبکرێت، بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوەیەکی نیشتیمانی ئەلیکترۆنی یەکگرتوو، بۆ سوککردنی بارت سەرشانی هاوڵاتیان بە کەمکردنەوەی ژمارەی بەڵگەنامەکان و کەمکردنەوەی سەردانەکانیان بۆ دامەزراوە فەرمییەکان.




