سودانى
Plus4
پێش ٢ کاتژمێر

محەمەد شیاع سودانی؛ سەرۆک وەزیرانی عێراق، داوای ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی غازی کۆرمۆری کردووە.

غازی کۆرمۆر کە کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هەرێمی کوردستان دابیندەکات، سودانی داوایەکی سەیری لەبارەیەوە کردووەو داوای ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی کردووە، بەڵام حکومەتی هەرێم داواکەی ڕەتکردووەتەوە.

لەوبارەیەوە ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆری ئەمریکی لەڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکرد: دوای هێرشەکەی شەوی 26ی مانگی ڕابردوو، سودانی، فەرمانی بەکۆمپانیای دانەغاز کردووە کە تاکاتی تەواوبوونی کارەکانی ئەو لیژنەیەی بۆ لێکۆڵینەوە لەپەلامارەکە پێکهێنراوە، بەرهەمهێنانی غاز لەکێڵگەی کۆرمۆر ڕابگرن.

ئەلمۆنیتۆر دەڵێت: گەر خواستەکەی سودانی سەریبگرتایە، تائێستاش هاووڵاتیانی هەرێم لەبێ کارەباییدا دەبوون، بەڵام حکومەتی هەرێم ئەو هەنگاوەی ڕەتکردەوەو دوای ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیای دانەغاز، لەماوەی 72 کاتژمێردا کارەبای 24 کاتژمیریی بۆ هاووڵاتیان گەڕایەوە.

بەرپرسێکی باڵای کورد کە ناوی ئاشکرا نەکراوە بەماڵپەڕە ئەمریکییەکەی ڕاگەیاندووە: تووشی شۆک بووین بەو هەڵوێستەی سودانی، گەر ویستەکەی سەریبگرتایە، کارەسات ڕوویدەدا، ئامانجی سودانی خنکاندنی تەواوەتی هەرێمی کوردستانەو هەوڵێکە بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی ناوەندی بەسەر هەرێمدا.