ئازاد کاکەیی
پێش ٢ ساڵ
بەڵێ کاکەییەکان زۆر بوێرانە و بێ باکانە، بۆ بەرگرى کردن لە پیرۆزییە ئاینیەکانیان، گەورەترین کۆبونەوەى ناڕەزاییان لە کرکوك ئەنجامدا دژ بەو دەست درێژیەى چەکدارانى حەشدى شەعبى بۆ سەر گەنجێکى کاکەیى، کە هەستابون بە بڕینى سمێڵى گەنجەکە، لە کاتێکدا سمێڵ لاى پەیڕەوانى کاکەیى پیرۆزە.
لە سەرەتاوە دەبوایە کاکەییەکان بیانزانیایە دەبێت داواى چى بکەن و داواکەیان ڕوبەڕوى کێ بکەنەوە.
هەر لە یەک ڕۆژى ڕوداوەکەوە، مامى گەنجەکە گوتى، من عەشیرەت و حیزبەکەم چیم پێ بڵێن ئەوە دەکەم، وەك لە کۆتاییشدا دەرکەوت حیزبەکەى لە سەر خەت بون لە گەلیدا تا گەیشتنە ڕێککەوتن.
بە پێى ئەو زانیاریانەى پێم گەیستن، کاکەییەکانى ناوچەى بادینان کە گەیشتبونە کرکوك، بە مامى گەنجەکەیان گوتبوو : وەك هەموو کاکەییەك کێشەکە بە کێشەى خۆمان دەزانین بۆیە هاتوین، ئەگەر دەتانەوێت وەك کاکەیى کێشەکە چارەسەر بکرێت دەمێنینەوە، ئەگەریش بە پێى ڕێنمایى حیزبەکەتان هەڵوکەوت لە گەل کێشەکە دەکەن، ئێمە دەگەڕێینەوە، ئەویش پێى گوتبون بەسەرچاو هاتن و زۆر سوپاستان دەکەین، خواتان لە گەل.
وەك لە راگەیاندنەکانەوە بینیمان و بیستمان هەندێ لە ئەندام پەرلەمانە کوردەکانى کرکوك لە بەغا، باسیان لەوە دەکرد کە پەیوەندیان بە سەرۆك وەزیران و مەرجەعى شیعەوە کردوە تا بێنە سەر خەت بۆ چارەسەر کردنى ئەو کێشەیە و سزادانى تاوانباران، ئەوە بوو مۆڵەتى 24 سەعاتیان دابوو بە کاکەییەکان بۆ چارەسەر کردنى کێشەکە.
سەعات پێنجى پاش نیوەڕۆی ڕۆژى یەکشەمیان دیارى کرد بۆ کۆبونەوە لە گەل لایەنى کاکەییەکان.
چاوەڕوان دەکرا نوێنەرانى حکومى و چەند ئەندام پەرلەمانێك وەك نوێنەرى خەڵکى کرکوك ئامادەى کۆبونەوەکە ببن، بەڵام ئەوەى رویدا شتێکى تەواو جیاواز بوو، ئەوانەى ئامادەبون بۆ کۆبونەوە لە گەل کاکەییەکان لە چەند کەسێك پێکهاتبون بە سەرۆکایەتى (اقبال پور) کە سەرکردەیەکى لەشکرى قودسى ئێرانیە و سەرپەرشتیکەرى هێزەکانى حەشدە لە کرکوك و ناوچەکانى دەوروبەرى، بە تایبەتى حەشدى تورکانى.
دانیشتنەکەیان لە گەل لایەنى کاکەییەکان بریتى بون لەو کەسانەى کە لە ناو کاکەییدا ناسراوان بە لایەنگرى حەشدى شەعبى و تەنانەت هەندێکیان ئەوەندەى خۆیان بە شیعە دەزانن، خۆیان بە کاکەیى نازانن، تەنانەت چەند کەسێکیان پێش چەند ساڵێك لە کرکوك و لە پێش کەناڵەکانى راگەیاندندا خۆیان بە ئیسلام لە قەڵەم دا.
دەرکەوت برادەرانى حەشد لە ماوەى ئەو 24 سەعاتەدا لە گەل لایەنگرەکانى خۆیان لە نێو کاکەیى، لە نیوان خۆیان ڕێککەوتبون چۆن کێشەکە دیزە بە دەرخۆنە بکەن، تەنانەت نەیانهێشتبوو هەندێ کەسایەتى ترى کاکەیى بەشدارى کۆبونەوەکە ببن.
ئەوەى جێى پرسیارە:
یەکەم؛ ڕۆڵى شاراوەى حیزبەکان چى بوو لەو ڕێککەوتنەدا؟
بە تایبەتى پارتى، کە لەیەکەم ساتەوە لە گەل کەسوکارى گەنجەکە لەسەر خەت بون.
دووەم: اقبال پور کە سەرکردەیەکى فەیلەقى قودسى ئێرانیە و نوێنەرى قاسم سلێمانى بوو لە عیراق، بە چى سیفەتێکەوە لە جیاتى حکومەتى عیراوقى و ئەندام پەرلەمانە کوردەکانى کرکوك ئامادەى دانیشتنێکى لەو جۆرە دەبێت؟
سێیەم: هەڵوێستى حیزبە کوردیەکان و پارێزگارى کرکوك و ئەندام پەرلەمانە کوردەکانى کرکوك چیە بەرامبەر ئەو کۆبونەوە گوماناویە؟
چوارەم: سەرانى کورد و حکومەتى بەغا تا کەى درۆ لە گەل دانیشتوانى ناوچە جێناکۆکەکان دەکەن و دان بەوەدا نانێن کە ئەو ناوچانە زۆنێکى تایبەتە و دابەش کراوە بەسەر ئیتیلاعاتى ئێرانى و میتى تورکیدا و خۆشیان تەنها خاوەنى دەسەڵاتێکى ئیدارى کارتۆنین لەو ناوچانەدا؟
لە کۆتاییدا: دەبێت ئەو ڕوداوە ببێتە وانەیەکى گرنگ بۆ کورد و بۆ کاکەییەکان، کە هێز لە یەکگرتندایە، کە عەقیدە لە بەرنامەى حیزبى و پشت بەستن بە هێزى دەرەکى بە هیزترە.
هەڵوێستى بوێرانەى کاکەییەکان جێگاى شانازی بوو، ئەمڕۆ دەبێت لە هەموو کاتێکى تر زیاتر یەکگرتو و بە هەڵوێست بن، بە تایبەتى پاش ئەوەى بینیان چۆن چەند کەسانێك بە پشتگیرى حیزبى سوارى شەپۆڵەکەیان بون و بۆ بەرژەوەندى خۆیان بە کاریان هێنا. دەبێت هەوڵ بدەین ئەنجومەنێك پێك بێنین بۆ چارەسەر کردنى ئەو جۆرە کێشانە و جارێکى تر ڕێگا نەدرێت بە کەسانى هەڵپەرست یارى بە ئیرادەى ئەو مرۆڤە بوێر و بە هەڵوێستانە بکات.
ئێمەش دەنگمان لە گەل دەنگى کاکەییە ناڕازیەکانە.
وێنەى هەندێ لە بەشداربوانى ڕێککەوتنەکە.