Plus4
پێش ٢ کاتژمێر
محەمەد شیاع سوودانی: مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەردەوامدەبێت
محەمەد شیاع سوودانی؛ سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند: ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەردەوامدەبێت و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەو بەرپرسیارێتییە لەئەستۆ دەگرێت.
سوودانی؛ لەبەرنامەیەکدا لەگەڵ میدیای پارتی، لەبارەی پرسی مووچە وتی: پرسی مووچەی هەرێمی کوردستان پرسێکی تەکنیکی و یاساییە، نەوەک سیاسی.
ڕوونیشیکردەوە: زیاتر لەساڵێک بەردەوام بووین تا لەسەر تێچووی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوت لەگەڵ هەرێم و دواتریش کۆمپانیاکان ڕێککەوتین، لەئێستاشدا بەشی هەرە گرنگی پرسەکە چارەسەرکراوە کە هەناردەکردنەوەی نەوتە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرایکرد: بەگوێرەی یاسا، تەواوی پارێزگاکانی عێراق داهاتەکانیان ڕادەستی بەغدا دەکەن، بەڵام لەهەرێمی کوردستان لێکدانەوەیەکی تر بۆ ئەم پرسە هەیە، بۆ ئەوەش لیژنەیەکمان پێکهێنا بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو پرسە لەئەنجومەنی دەوڵەت.
دەبێت هەرێم داهاتە نانەوتییەکانی ڕادەستی گەنجینەی گشتیی دەوڵەت بکات، بەڵام تائێستاش لەهەرێمی کوردستان قەناعەتیان بەم وەڵامە نەهێناوە.
سەبارەت بەناردنی مووچەی هەرێمیش، سوودانی وتی: ناردنی مووچەی هەرێم بەردەوامدەبێت و ئەنجومەنی وەزیرانیش ئەو بەرپرسیارێتییە لەئەستۆ دەگرێت، چوونکە بڕیاری خۆی داوەو پارەدارکردن تاکۆتایی ئەمساڵ بەردەوامدەبێت.




