سەدر
Plus4
پێش ڕۆژێک

موقتەدا سەدر: گەر بەگژداچوونەوەتان دەوێت خۆتان تاقیبکەنەوە ئێمە لەھەڕەشەکانتان ناترسین

 

موقتەدا سەدر؛

ڕێبەری ڕەوتی سەدر لەڕاگەیاندراوێكدا دەڵێت: سەرجەم ئەو سیناریۆیانە ڕەتدەكەینەوە كەبۆ ڕەوتەكەیان دروستكراوە.

 

وتیشی: یەکەم ھەڵبژاردنە لەعێراق بێ بەشداریی ڕەوتی سەدر دەکرێت، ئەمەش دڵەڕاوکێی زۆری لای ھاووڵاتیان دروستکردووە.

 

سەدر؛ لەراگەیاندراوەکەدا دەڵێت: لەگەڵ دڵەڕاوکێی خەڵک چەندین سیناریۆ دروستکراوە کەگوایا ڕەوتی سەدر بەبەکارھێنانی ھێز ڕێگە نادەن بگەنە سندوقەکانی ھەڵبژاردن، یاخوود دەڵێن: ڕەوتی سەدر فیتنە دروستدەکات تا کەشێکی ئارام بۆ ھەڵبژاردن نەخوڵقێت و بەلایەنگرییە ملیۆنییەکەی دێتە سەرشەقام و خۆپیشاندان دەکات.

 

دەشڵێت: ھەرچەندە ئێمە لەگۆڕەپانی سیاسی نەماوین، بەڵام ھەموو تیرەکانیان بۆسەر ئێمەیە.

 

سەدر؛ بێ ناوهێنان پەیامێكی ئاگرین ئاراستەدەكات و دەڵێت: گەر گردبوونەوەو ناڕەزایەتی و بەگژداچوونەوەتان دەوێت، ئێمە خۆمان خاوەنی ئەوەین، فەرموون خۆتان تاقیبکەنەوە، ئێمە لەھەڕەشەکانتان ناترسین.

 

دەشڵێت: ئەوەی لەگەڕانەوەی بەعس دەترسێت و خەڵکی پێدەترسێنێت، ئەوە حزبێکی بێکەڵکە.

 

جەختیشدەکاتەوە: ئەوەی لەگەڕانەوەی بەعس دەترسێت و خەڵکی پێدەترسێنێت ئەوە حزبێکی بێ کەڵکە.

 

سەدر؛ نووسیویەتی: ھۆزەکان لەلایەک و میلیشیاکان لەلایەک بوونەتە بەڵاو بەهۆیانەوە خوێنی عێراقییەکان دەرێژرێت.

 

ڕوونیشیدەکاتەوە کە ئەوان بایکۆتی ئەو هەڵبژاردنەیان كردووە كە گەندەڵكاران و دۆڕاوەکان کۆنترۆڵیان کردووە، هەر لایەنێكیش گرژی و ئاڵۆزیی دەوێت، ئەوا ئێمە کوڕی ئەو مەیدانەین و لێی ناترسین.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: هەندێک هیواخوازن هەڵبژاردنەکە لەکاتی خۆیدا نەکرێت، چوونکە لە ئەنجامەکانی دڵنیان و دەزانن لەبەرژەوەندیی ئەواندا نییە، یا دەستکەوتیان تێدا نابێت، ئاخر ئەوان بەرژەوەندیی خۆیان پێش پرۆسەی دیموکراسی، گەر ئەو پرۆسەیە بوونی هەبێت دەخەن.

 

باهەموان لەڕۆژانی پێش هەڵبژاردن و کاتی هەڵبژاردندا، چاوەڕێی هەڵپەو پەلەقاژەی عاشقانی کورسیی دەسەڵات بن، ئەمە سەدر وای وت.

 

لەكۆتایی ڕاگەیاندراوەكەشیدا، سەرۆکی ڕەوتی سەدر دووپاتیدەكاتەوە: ئێوە باسی ئەوە دەکەن کە عێراق و گەلەکەی لەگەڵتانە، کەچی گەلی عێراق بەھۆی بێکاری و ھەژاری و نەخۆشی و گەندەڵییەوە دەناڵێنێت و ئەو دەردانەش ڕوویان لەزیادبوونیشە، ئەو مەترسییە مەترسیی ئایینی عەقیدەیە، نەک تەنھا مەترسیی نیشتمانی، پێم ناڵێن ئێوە کەی شیعە بوون.