لطيف
لەتیف فاتیح فەرەج
پێش 4 کاتژمێر

 

ناكرێت دژبەری بە كەسێك، حزبێك، سیاسەتێك، وات لێبكات، هیچ جیاوازییەكی نێوان دوو سەردەم نەبینی، دوو سەردەم كە یەكەمیان تاریكی لێدەچۆڕێت و دووەم ئەگەر رووناكیش نەبێت بە رپێی خۆمان دەبینین

 

 

هەموو عەرەبی كەركوك، بە هەموو جیاوازییەكیانەوە كاتێك بابەتەكە دێتە سەر دۆزی كەركوك، جۆرێك لە یەكدەنگی كۆیان دەكاتەوە، خۆ كاتێك كە بۆ سیاسەتیش سێوەكان بەسەر سەبەتەكاندا دابەش دەكەن، دیسان پرسی گرنگ بۆ ئەوان دەسكەوتە لە كەركوك، كە دێن رێكکەوتنت لەگەڵ دەكەن بۆ ئەوان چارەنووسی كەركوك گرنگ نییە دەسكەوتی ئەوان لەو رێكکەوتنە گرنگە، ئەمە بۆ توركمانیش تاڕادەیەكی زۆر وایە، بەڵام كوردە حەیاتەكە ئەوەش بە ربەی حزب دەكێشێت، حزبیش بەو جۆرەی چۆن پاشقول لە براكەی بدات هەر نا لە رێگەی میدیاوە.
 
 دوو خاڵ زۆر گرنگن بۆ هەر شار و شوێنێك، ئەویش نان و ئاسایشە، ئەمڕۆ لە كەركوك تا رادەیەكی زۆر ئەوە هەیە، ئەگەر بیر لە تێكدان و شێواندن نەكرێتەوە، بەڵام لە سەردەمی راكاندا نە نان بۆ هەمووان هەبوو، نە ئاسایشی گشتی، ئەمە پێویستی بە بەراورد و وەرگرتنی نموونەیە، باشە سەردەمی راكان جیاوازی زۆر لە دامەزراندندا دەكرا، واتە لەسەر خەڵكێك ئەگەر مافیشی هەبوایە بۆ دامەزراندن مادام بە دڵی راكان نییە دەبێت برسی و بێكار بێت، هەر لەسەروەختی ئەودا دیسان هەوڵدرا كورد و عەرەب بكرێن بە گژ یەكتردا، زۆر ناشرین و فاشیانە لە كوردیش درا، بەڵام لەسەروەختی ئێستادا وێڕای هەوڵی زۆر بۆ تێكدانی پەیوەندیی، هەوڵەكان شكستیان خوارد، ئەمەش نیشانەی بە كارهێنانی ئاوەزە لە كاتی گیر و گرفت و كێشەدا.
 
من ناڵێم ئێستا شارەكە لەوپەڕی باشیدایە و كێشە و گیر و گرفت نین، هەڵبەت ناشڵێم لەوپەڕی خراپیدایە، لێ دەڵێم لە كوێ‌ خراپە، لە بری ئەوەی لە قاوی بدەین و تەپڵی بۆ بكوتین با چاكی بكەین، چاككردن لە تێكدان و وێرانكردن ئەگەر ئاسانتریش نەبێت ناكرێت لێی رابكەین، من سروشتی خۆم وایە لە كوێ‌ كێماسی ببینم پەنجەی لەسەر دادەنێم، ئەوەشم نەشاردوەتەوە، لەو كەركوكەش لە خەفەت زیاترم نەچنیوەتەوە، لەگەڵ ئەوەش سۆزێكی زۆرم بۆ شارەكە هەیە، شارەكە و خەڵكەكەشی، ناكرێت دژبەری بە كەسێك، حزبێك، سیاسەتێك، وات لێبكات، هیچ جیاوازییەكی نێوان دوو سەردەم نەبینی، دوو سەردەم كە یەكەمیان تاریكی لێدەچۆڕێت و دووەم ئەگەر رووناكیش نەبێت بە رپێی خۆمان دەبینین.
 
من كاتی خۆیشی زۆر لەسەر ئەوە هەڵوەستەم كردووە، پرسی كەركوك دەبێت پرسی هەموو كوردێك بێت، بەوانەشەوە كە رەنگە نە ئەم پارێزگارە و نە حزبی ئەم پارێزگارەشیان لەبەر دڵان بێت، لەبەرئەوەی بە درێژایی 100 ساڵ نەك هەر لە باشووری كوردستان،  تەنانەت لە بەشەكانی دیكەی كوردستانیش عیشقێك بۆ كەركوك هەبووە، هەر ئەوەشە وای كردووە هەمیشە چاومان لەوە بێت، كەی ئەو شارە ئازاد بێت، ئازاد بەو مانایەی زەبر و زەنگی كەسی بەسەرەوە نەبێت، رەنگە لێرەدا بابەتی ئەو عیشقە گشتییە كۆتایی نەهاتبێت، نوێژەكەی سۆرانی كوردەواری و داكۆكیی گەریلا بۆ جارێكی دیكە.