
ئاژانسی هەواڵی plus4
پێش 4 کاتژمێر
بەرەبەیانی رۆژی 28ی كانونی یەكەمی 2013 لەگرمەی خۆپیشاندان و مانگرتنی ژێر خێوەتەكانی ئەنبارو سەڵاحەدین و حەویجە، هێزێكی دژەتیرۆری عێراق ICTF لەنێو شاری رومادی گەمارۆی ماڵی پەرلەمانتار ئەحمەد عەلوانی دەدات و داوا دەكات خۆی رادەست بكات.
ئەو كات ئەحمەد عەلوانی پەرلەمانتاری ئەنبار، سەركردەبوو لەلیستی عێراقییەو یەكێك بوو لەكەسایەتییە سیاسییەكانی سونەی عێراق، لەگۆڕەپانی مانگرتووانی رومادییەوە وتاری تووندی دژی حكومەتی عێراق دەداو هەڕەشەی چەك هەڵگرتن و روبەروبونەوەی لەگەڵ حكومەت دەكرد.. هەر بۆیە دادگا بە ماددەی 4ی تیرۆر فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركرد.
كاتێك هێزەكەی دژەتیرۆر لەبەغداوە گەیشتنە رومادی و گەمارۆی شوێنی نیشتەجێبونەكەی عەلوانییان دا، ناوبراو ئامادە نەبوو خۆی رادەست بكات و بانگەوازی ئەوەیكرد كە رێگەی تری لەبەردەم نییە جگە لە روبەڕوبونەوە.
بەهۆی ئەوەی چوار دەوری ماڵەكەی بە كۆنكریت گیرابوو، كەسوكارو عەشائیرەكانیش چەكیان هەڵگرتبوو و رێگربون لەدەستگیركردنی، هێزەكە ناچاربوو كاتژمێر سفڕ دابنێت بۆ هەڵكوتانە سەری.
لەكاتژمێر 2ی بەرەبەیانی رۆژی 28ی 12ی 2013 شەڕ دەستیپێكرد و بەقورسی بەردەوام بوو تێیدا جۆرەها چەك بەكارهێنرا، تا كاتژمێر 5 تووانرا لەنێو خانویەكدا پەرلەمانتارەكە دەستگیر بكرێت.
لەئەنجامی شەڕەكەشدا، كارمەندێكی دژەتیرۆر كوژراو 10ی دیكەش برینداربون، لەبەرەی پەرلەمانتارەكەش.. برایەكی و 5 پاسەوانی كوژران، 25 كەسیش لەپاسەوان و كەسوكارەكەی بەبرینداری دەستگیركران.
دووای روداوەكەش، بڕیاردرا بە ناردنی هێزی پاڵپشتی زیاتر بۆ ئەنبار، شارەكە بە هێزی سەربازی و تانك و زریپۆش تەنرا و قەدەغەی هاتووچۆ راگەیەندرا.
