عێراق و ئێران و ئەمریکا
Plus4
پێش کاتژمێرێک

باڵیۆزخانه‌ى عێراق له‌ واشنتن بۆ ئەمریکا: ئازادین ڕێککەوتن لەگەڵ کێ دەکەین و پاشکۆی هیچ وڵاتێک نین

 

باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغدا، سەركۆنەی دەستوەردانی ئەمریكا دەكات لەپەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان ئێران و عێراق، باڵیۆزخانه‌ى عێراق له‌واشنتن دەڵێت: ئێمە ئازادین و پاشکۆی هیچ وڵاتێک نین.

 

باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغدا لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: بەیاننامەکەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، كە دژایەتی واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنى نێوان ئێران و عێراق دەكات، دەستتوەردانێکی قبوڵنەکراوە لە پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتی سەربەخۆی دراوسێ.

 

باڵیۆزخانەی عێراقیش لەواشنتۆن وەڵامی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەداتەوەو دەڵێت: عێراق دەوڵەتێکی خاوەن سەروەرییەو مافی ئەوەی هەیە بەپێی یاسا نیشتمانییەکانی و بەپێی بەرژەوەندییە باڵاکانی، ڕێککەوتن و یاداشتی لێکتێگەیشتن ئەنجامبدات.

 

دەشڵێت: عێراق پەیوەندیی دۆستانەو هاوکاری لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر وڵات لە سەرانسەری جیهان هەیە، دەیەوێت ئەو پەیوەندیانە لەسەر بناغەی رێزگرتنی یەکترو بەرژەوەندی هاوبەش بونیاد بنێت.

 

وتیشی: عێراق پاشكۆی سیاسەتەکانی هیچ وڵاتێک نییە، بڕیارەکانیشی لەسەر بنەمای ئیرادەی نیشتمانی سەربەخۆیە.