کەمپی مەخمور
Plus4
پێش 3 کاتژمێر

قەرەیڵان: گەریلا دەنێرینە کەمپی مەخموور

 

موراد قەرەیڵان فەرماندەی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ڕایگەیاند: گەر فشارەکانی سەرمان بەردەوام بن گەریلا دەنێرینە کەمپی مەخموور

 

قەرەیڵان دەڵێت: گەر دەسەڵات لەتوركیا تێڕوانینی بۆ كورد نەگۆڕێت، هەرگیز ئاشتیی بەدی نایەت و پرۆسەی ئاشتیش ئەنجامێكی باشی نابێت.

 

جەختیکردەوە کە بزوتنەوەی كورد لەباكووری كوردستان، بەردەوام دژی داگیركاری وەستاوەتەوەو هەوڵی چارەسەرەی و ئاشتیی داوە، ئەوەش زیاتر لە 30 ساڵە بەردەوامە، بەڵام دەسەڵاتی توركیا ڕێوشوێنی پێویستی بۆ ئاشتی و چارەسەری نەگرتووەتەبەر.

 

قەرەیڵان دەشڵێت: پـ.ـەكـ.ـەكـ.ـە بەڕێبەرایەتیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لەساڵی 1993وە تائێستا، بەردەوام هەوڵی چارەسەریی پرسی كوردی لەباكووری كوردستان داوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی توركیا وەك پرسێكی ئەمنی و ئاسایش ڕووبەڕووی كورد بووەتەوە، ئاڵۆزییەكان بێ چارەسەر ماونەتەوە.

 

هیوادارین تێڕوانینی توركیا بۆ پرسی كورد گۆڕانكاریی بەسەردا هاتبێت، چوونكە بەپێچەوانەوە هیچ پرۆسەیەك بۆ ئاشتی و چارەسەریی پرسی كورد لەتوركیا سەرناگرێت و ئەنجامی نابێت، ئەمانەش بەشێکیتر بوون لەقسەکانی قەرەیڵان.

 

ناوبراو سەبارەت بەپرسی ستەم و ئابڵوقەکانی عێراق لەسەر کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جوودی لەمەخموور وتی: داخۆ دەوڵەتی عێراق هەموو کێشەکانی خۆی چارەسەرکردووە، تا مەخموور وەک تەنها کێشەیەک مابێتەوە؟ ئەوەی عێراق دەیکات بەڕاستی نەنگییەکی گەورەیە.

 

پێشتریش بۆ ئەوەی گووشار لەسەر عێراق دروست نەبێت و وەک هێزێکی سەربازی لەمەخموور دەرچووین و هەموو سەنگەرەکانمان ڕادەستیانکرد، بەڵام لەئێستادا هەوڵدەدەین گەمارۆی کەمپەکە بدەن و گووشار دەخەنەسەر گەلەکەمان. 

 

هۆشداریدەداتە عێراق و دەڵێت: هەر خراپەکارییەک لەدژی دانیشتوانی کەمپی مەخموور ئەنجامبدرێت، بەمانای خراپەکاری دێت لەدژی بەهاکانمان، ئێمە وەک تەڤگەری ئاپۆیی ئەمە قبوڵ ناکەین و لەبەرامبەریدا بێدەنگ نابین، پێویستە بزانرێت گەر ئەم نزیکایەتییە لەدژی خەڵکی کەمپەکە درێژەی هەبێت، ئەوا ناچارین جارێکیتر دەستەوەردان بکەین و گەریلا بنێرینەوە مەخموور.