هەسەدە
plus4
پێش 15 کاتژمێر

لەهێرشی گرووپەکانی سەر بەسوریا بۆسەر هەسەدە 11 چەکداریان بریندارن؛

 

هەسەدە مافی ڕەوای بەرگریکردنی لەخۆی لە دێر حەفار بەکارهێناوە.

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە ڕاگەیاندراوێکدا ئەو پروپاگەندانە ڕەتدەکاتەوە کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان لەوەزارەتی بەرگریی سوریا بڵاوکراونەتەوە، کە گوایە پێگەکانیان لەلایەن هەسەدەوە هێرشیانکراوەتە سەرو دەڵێت: ئێمە بەرگریمان کردووە.

هەسەدە جەختدەکاتەوە کە گروپە نابەرپرسیارەکان کە لەناو ریزەکانی هێزەکانی حکومەتی سوریادان، بەردەوامن لە هەراسانکردن و هێرشە دووبارەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی دەوروبەری دێر حەفار.

هەسەدە دەڵێت: شەوی ڕابردوو، ئەو گرووپانە زیاتر لە 10 گولە تۆپیان بێ هیچ پاساوێک ئاراستەی ناوچە مەدەنی نشینەکان کردووە.

لەبەرامبەر ئەو هێرشەدا، هێزەکانی هەسەدە بەرگریکردن لەخۆیان و وەڵامدانەوەی سەرچاوەی هێرشەکان بەکارهێناوە.

ڕوونیشیدەکاتەوە کە هەوڵەکانی وەزارەتی بەرگری بۆ پێچەوانەکردنەوەی ڕاستییەکان و چەواشەکردنی ڕای گشتی خزمەت بەئاسایش و سەقامگیریی سوریا ناکات.

ئەمە لەکاتێکدایە هێزەکانی هەسەدە زۆرترین ئاستی خۆگرتنیان بەرامبەر هێرش و وروژاندنە دووبارەکانی ئەو گروپانە پیشانداوە، کە لە ماوەی رابردوودا بەردەوام بوون لە هەڵکەندنی تونێل و گواستنەوەی چەکدار، ئەمەش ئاماژەیە بۆ خراپی نیازیان بۆ زیادکردنی گرژییەکان.

لەکۆتایی راگەیاندراوەکەدا هەسەدە جەخت لەپێویستیی ڕێزگرتن لەئاگربەست دەکاتەوە، داوا لەدەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی سوریا دەکات بەرپرسیارێتی هەڵبگرن و کۆنترۆڵی ئەو گرووپە نابەرپرسیارانە بکەن کە لەژێر کۆنترۆڵیاندان.

بەپێی زانیارییەکان، لەهێرشەکانی شەوی ڕابردووی گرووپە چەکدارەکان بۆسەر هەسەدە، 11 چەکداری گرووپەکانی سەر بەحکومەتی سوریا بریندارن.