
Plus4
پێش 12 کاتژمێر
خانمی یەکەمی عیراق ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی دەستگیرکردنی حەجاج ئەحمەد حەردان بڵاوکردەوە
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد؛ خانمی یەکەمی عیراق سەبارەت بەدەستگیرکردنی تاوانبارێكی سەرەکیی شاڵاوەكانی ئەنفال بەناوی حەجاج ئەحمەد حەردان؛ ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، لەڕاگەیاندراوەکەدا داوا لەکەسوکاری ئەنفالکراوان دەکات سکاڵای یاسایی لەسەر ناوبراو تۆماربکەن.
دەقی راگەیەنراوەکەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد:
هەمیشە پشتیوانی کەسوکاری شەهیدان و قوربانیانی ئەنفال بووم، وەک بەڵێنم پێدان هەوڵی بەدیهێنانی دادپەروەری دەدەین هەرچەند بخایەنێت، لێپرسینەوە لەوانەش دەکرێت کەدەستی چەپەڵیان بەخوێنی ژنان و منداڵانی بێتاوانمان سوورە.
دواجار توانیمان شوێنی حەجاج ئەحمەد حەردان دیاری بکەین کە یەکێکبوو لەو جەلادە دڕندانەی زیندانی نوگرە سەلمان لەقوڵایی بیابانی سەماوە لەپارێزگای موسەننا، دەستگیربکەین.
ئەو زیندانەی هەزاران ژن و منداڵ و پیر تێیدا ئەشکەنجە دران و برسی کران و بە بێدەنگی خرانە ژێر خاکەوە.
حەجاج بە مامەڵەی دڕندانە و دژ بەمرۆڤایەتی و ئەو ترس و تۆقاندنە ناسراو بوو کە لەگەڵ شەهیدانی ئەنفالکراو بەکاری دەهێنا، وا لەدوای 37 ساڵ چیتر ئەم تاوانبارە ئازاد نییەو دەستبەسەرە.
داوا لەهەموو زیندانیەکانی ڕابردوو، خێزانی قوربانیانی ئەنفال، کەسوکاری بێ سەروشوێنبووان ئەکەم سکاڵای یاسایی تۆمار بکەن و گەواهی بدەن تا دادپەروەری فەراهەم بێت و ئەم تاوانبارە خوێنمژە لەسەر تاوانەکانی دەرهەق بەگەلەکەمان، لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت.
بەوپەڕی توانامەوە بەرگری لەم دۆسییە مرۆیی و مێژوویی و نیشتمانییە دەکەم. هەرگیز کۆڵنادەم لە یادکردنەوەی شەهیدانمان، بەردەوام دەبم لەتێکۆشان لەپێناو ڕاستی و دادپەروەری.