
ئاژانسی هەواڵی plus4
پێش 21 کاتژمێر
میدیای یەكێتیی بڵاویكردووەتەوە، بەهاوكاری نوسینگەی سەرۆك كۆمار و خانمی یەكەمی عێراق، تاوانبارێكی شاڵاوەكانی ئەنفال بەناوی ( عەجاج ئەحمەد حەردان ) دەستگیركرا.
بەڵام وردەكاری دەستگیركردنەكەی نەخراوەتەڕوو و ناشزانرێت لەكوێ دەستگیركراوە و لەلایەن چی هێزێكەوە ئەنجام دراوە.
عەجاج ئەحمەد حەردان یاخود ( حەجاج ) ئەفسەرێكی سوپای پێشوی عێراقە و لەساڵانی 1981 تاوەكو 1990 بەڕێوەبەری گرتووخانەی نوگرە سەلمان بووە لەپارێزگەی سەماوە. سەرچاوە مێژوییەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە ناوبراو تكریتییە، لەعەشیرەتی ئەلبو ناسرەو تیرەی نزارەیە، لەشاڵاوەكانی ئەنفال پلەی رائید بووە لەبەڕێوەبەرایەتی ئەمن عامە.
یەكێكە لەداواكراوانی دۆسییەی ئەنفال، هێشتا رون نییە ناوی راستەقینەی ( عەجاج )ـە یاخود لەلایەن زیندانییەكانەوە بە (عەجاج) ناسراوە.
چەند سەرچاوەیەك لەبارەی چارەنوسی ئەو ئەفسەرەوە دەڵێن، لەدوای پڕۆسەی ئازادی ساڵی 2003، ماوەیەك ماڵی لەكەركوك بوە، دوواتر بەرەو سوریا هەڵاتووە و لەوێ نیشتەجێ بوە، سێ كوڕی هەبوە، دووان لە كوڕەكانی چەكداری گروپە تیرۆریستییەكان بونە و لە ناوچەی زڵوعییە كوژراون.
دکتۆر سمکۆ سابیر نوسەری بواری ئەنفالە.. لەسۆشیال میدیا چەند زانیارییەکی بڵاوکردووەتەوەو دەڵێت: لەم چەند مانگەی رابردوو بۆمان دەرکەوت عەجاج نەمردووە بەڵام زۆر زیرەکانە کاری لەسەر مردنی خۆی کردووە و تەنانەت جوانکاری کردووەو روخساری خۆی گۆڕیوە بەشێوەیەک ئەمریکییەکانیش بە مردوویان لەقەڵەم داوە. دەشڵێت: لەئێستادا سێ سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە لەدادگای سەماوە و لەسەر بنەمای ئەو سکاڵایانەش دەستگیرکراوە.