
Plus4
پێش 8 کاتژمێر
زیاتر لە یەک ملیۆن کەس ناوەکانیان لە بەشە خۆراکی مانگە لابراون
وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئاشکرایدەکات: زیاتر لە یەک ملیۆن هاووڵاتی ناوەکانیان لە بەشە خۆراکی مانگە لابراون.
لەئێستاشدا وەزارەتەکە ئامادەکاری دەکات بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی پرۆسێسکردنی بەشە خۆراکی ئەلیکترۆنی لە 10 پارێزگا کە لەمانگی ئابی داهاتووەوە دەستپێدەکات، لەهەمانکاتدا وەزارەتی بازرگانی لابردنی یەک ملیۆن و 85 هەزار ناوی لەکارتی بەشە خۆراکی مانگانە ڕاگەیاند، ئەویش بەهۆی دووبارە بوونەوە یا مردن یاخوود گەشت کردنەوە.
لەوبارەیەوە تالیب حەسەن نەهمە؛ بەڕێوەبەری گشتیی بەشی پلاندانان و بەدواداچوون لەوەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت: پرۆسەی گۆڕین لەکاغەزەوە بۆ ناسنامەی ئەلیکترۆنی تائێستا بووەتە هۆی لابردنی ناوی ساختەو دووبارە، یا ئەوانەی مردوون یاخوود کەسانێک کە گەشتیان کردووە کە ئەمەش تائێستا تەنها لە 10 پارێزگادا ئەنجامدراوە.
ئەو هاووڵاتیانەش کە لەکۆی 42 ملیۆن کەسدا داتاکانیان نوێکردوەتەوە، گەیشتووەتە 34 ملیۆن 500 هەزار کەس.
ڕوونیشیکردەوە: لەمانگی ئابدا بەشێوەی ئەلیکترۆنی پشکنین لەبەغدا، میسان، دیوانییە، واست، سەڵاحەدین، ئەنبار، دیالە، بابل و کەرکوک دەستپێدەکات و پێنج پارێزگاری تریش دواتر زیاددەکرێن.
ئامانجی وەزارەتەکە ئەوەیە لەماوەی چارەکی کۆتایی ئەمساڵدا نوێکردنەوەی کارتی بەشە خۆراکی ئەلیکترۆنی تەواوبکات.