
plus4
پێش ٢ کاتژمێر
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند: لەگەڵ هەرێم لەسەر زۆربەی بڕگەكان ڕێككەوتوون، تەنها ئەو بڕە نەوتە ماوە كە بۆ بەكارهێنانی ناوخۆ دەبڕدرێت.
بەگوێرەی ڕێككەوتنەكانی دیوانی چاودێریی دارایی هەردوو حكومەت لەسەر 46 هەزار بەرمیل نەوت ڕێككەوتوون، ئەمە لەكاتێكدایە هەرێم داوای 65 هەزار بەرمیل نەوتی دەكرد، هیوادارن لەقۆناغەكانی كۆتاییدا هەرێم 46 هەزار بەرمیلەكە قبوڵبكات كە هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم و بەغدا ڕێككەوتنیان لەسەر كردووە.
حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت: بەهەردوو لایەنی كوردی و توركیمان وتووە ئێمە ئامادەكاریی تەواومان كردووە بۆ هەناردە كردنەوەی نەوتی هەرێم، بەڵام لەسەر بڕی بەكارهێنانی ناوخۆ ناكۆكین، ئێمە ئامادەین 46 هەزار بەرمیل نەوت بدەینەوە هەرێم بۆ بەكارهێنانی ناوخۆ، بەڵام هەرێم داوای 65 هەزار بەرمیل دەكات.
دەشڵێت: هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم و حكومەتی عێراق بڕی ئەو نەوتەی بۆ پاڵاوتنی ناوخۆی هەرێم دیارییانكردووە 46 هەزار بەرمیلی ڕۆژانەیە، بەڵام هەرێم داوای ٦٥ هەزار بەرمیل دەكات، لەكاتێكدا عێراق نزیكەی 300 هەزار بەرمیل لەدەستدەدات و ئۆپیك وەك بەشێك لەپشكی عێراق هەژماری كردووەو هیچ سوودیان لێوەرنەگرتووە.
ناوبراو دەڵێت: بوودجە بڕی ئەو نەوتە خاوەی دیاریكردووە كەدەبێت هەرێم ڕادەستی عێراقی بكات بۆ هەناردەكردن، لەبەرئەوەی بوودجە بڕی 400 هەزار بەرمیلی رۆژانەی دیاریكردووە، بۆیە دەبێت ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكرێت تا لەڕێگەی بۆریی عێراق - توركیاوە هەناردەبكرێت.